May 21, 2017 22:26 Asia/Tehran
  • پرێس کۆنفرانسی سەرۆک کۆماری ئێران لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەدا

حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئێوارەی سبەینێ بەشداریی پرێس کۆنفرانسێک دەکات بە ئامادە بوونی پەیامنێرانی میدیاکانی نێوخۆ و دەرەوە .

پەرویز ئیسماعیلی جێگری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئێوارەی سبەینێ دووشەممە بە ئامادە بوون لە نێو پەیامنێرانی میدیاکانی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی پرێس کۆنفرانسێک بەڕێوە دەبات.

ناوبراو پێی داگرت: حەسەنی ڕۆحانی لەم پرێس کۆنفرانسەدا، وێڕای باس کردنی گرینگترین پرسەکانی ئێران بەتایبەت دوای بەشداریی شکۆمەندو حەماسیی گەلی ئێران لە دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتی و ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی شارودێ ، هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی پرسەکانی ناوچەکەو جیهان شی دەکاتەوە.

ئەم پرێس کۆنفرانسە لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەکاتی تاران بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەکەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی نێوخۆو دەرەوە بڵاو دەبێتەوە.

حەسەنی ڕۆحانی لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی هەینی بە مسۆگەرکردنی پتر لە 23 ملوێن دەنگ و بەدەست هێنانی بڕێک زیاتر لە ڕادەی سەدی پەنجاوحەوتی تێکڕای دەنگەکان، جارێکی تر وەکو سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە.