May 21, 2017 22:29 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: دەوڵەتی دوانزەهەم کارامەترین و کەم هەڵەترین دەوڵەت دەبێت

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: دەوڵەتی دوانزەهەم کارامەترین و کەم هەڵەترین دەوڵەت دەبێت و بەوپەڕی هێزەوە لە ئاراستەی هەنگاوی بەکردەوەدا بەرەو ئامانجە نیشتیمانییەکان دەڕواتە پێشەوە.

حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت ، وێڕای پیرۆزبایی کردن لەگەلی ئێران لە بەر بەشداریی بەربڵاوی لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینی نۆزدەی مای وتی: دەوڵەتی دوانزەهەم هەنگاوگەلێکی پتەوتر لە ئاراستەی پێشکەوتن و گەشاندنەوەی ئێران هەڵدەگرێ و بە یەکگرتن بە ئامانجە بەرزەکانی ئێران دەگات.

حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: سندوقی چل ملوێنیی دەنگەکان لە ڕاستی دا سندوقی متمانەی نیشتیمانی، سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سەرمایەی نێونەتەوەیی بوو بۆ گەلی ئێران کە بەختەوەرانە ئەم ڕادە دەنگانە لە سەروبەندی تەمەنی چل ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی دا تۆمار کرا.

حەسەنی ڕۆحانی پێشی داگرت: ئێران لە ناوچەکەو جیهان دا بەرەوڕووی کۆمەڵێک نەیارو دوژمنە کە دەبێ بۆ بەرنگار بوونەوەیان یەک بگرین و لە ئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی وڵات لە هیچ هەوڵدانێک کەمتەرخەمی نەنوێنین.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی هەروەها لە ئامادە بوونی شکۆمەندی تەواوی چینەکانی خەڵک بە تایبەت لاوان لە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و هەروەها بەشداریی بەرچاوی ئێرانییەکانی دانیشتووی هەندەران و هاودڵی و هاوتەریبییان لەگەڵ جەماوەری نێوخۆی ئێران لە هەڵبژاردنەکان ڕێزی گرت.

حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو بە مسۆگەرکردنی 23 ملوێن دەنگ وەکوو دوانزەهەمین سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی هەڵبژێردرا.

 

سەرپەیڤ