May 23, 2017 14:48 Asia/Tehran
  • لاریجانی: ڕیاز ناوەندی هەناردەی تیرۆریزمە

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە سەفەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستان وتی: ڕیاز بووە بە ناوەندی هەناردە کردنی تیرۆریزم.

کۆبوونەوەی هاوبەشی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ سەرانی ژمارێک وڵاتی عەرەبی - ئیسلامی بە تەوەرەی بەرەنگار بوونەوەی تییرۆریزم ڕۆژی یەکشەممە لە ڕیازی پێتەختی عەرەبستان بەڕێوە چوو.
"عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەی بەئاشکرای مەجلیسدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی ڕیاز ڕایگەیاند: سەعوودییەکان و ئەمریکاییەکان لە کاتێکدا بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم دەکەن کە لە درێژایی مێژوودا ئەم دوو وڵاتە دەورێکی بەرچاویان گێراوە لە بناغەدانان و وەڕێخستنی هەموو چەشنە ڕێکخراوی تیرۆریستی.
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە راپۆرتی ئەمدواییەی بەرپرسانی ئەمریکایی سەبارەت بە ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر و دەستێدابوونی کاربەدەستانی سەعوودی لەو ڕووداوە وتیشی: هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش، نوسرە و دەیان گرووپی تیرۆریستیی دیکە بە یارمەتیی سەعوودییەکان و ژمارێک وردەوڵاتی ناوچەکە دانراون و داکۆکییان لێ دەکرێ.
لاریجانی بە ئاماژە بەوەی ڕژێمی ئالی سەعوود لە هیچ شەڕێکی دژ بە ڕژێمی ئیسراییل ڕازی نەبووە بەوەی کە کەمترین خەرج و یان چووکەترین فیداکارییەک بکات ڕاشکاوانە رایگەیاند: ئەوەش جێی شەرمەزارییە بۆ وڵاتێکی ئیسلامی کە لە پێتەختی خۆیدا دوو گرووپی خۆڕاگریی عەرەب واتە "حیزبوڵلا" و "حەماس" کە لە بەرەی پێشیوەی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیدان بە تیرۆریست بناسێنی.

سەرپەیڤ