May 26, 2017 19:48 Asia/Tehran
  • 
ناوچەی فەرامانی کرماشان بکرێتە ناوچەی تایبەتی ئابووری

سەرۆکی کۆمکاری نوێنەرانی پارێزگای کرماشان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی دەڵێت: ژێرخانی پێویست بۆ ئەوەی ناوچەی فەرامانی کرماشان بکرێتە ناوچەی تایبەتی ئابووری ئامادەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەید قاسم جاسمی لە کۆبوونەوەی چالاکوانانی ئابووریی کرماشان لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی، پیشەسازی، کانگا و کشتوکاڵی ئێران و هەروەها ئەندامانی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی گوڵان لە ژووری بازرگانیی کرماشان کۆببوونەوە، وێڕای ئاماژە بە بەرخۆدانی خەڵکی پارێزگای کرماشان لە ماوەی ٨ ساڵ شەڕی داسەپاو زیادی کرد: ئەم پارێزگایە ساڵێک پێش لە دەسپێکی شەڕ و ساڵێکیش پاش ئەوە هەر گیرۆدەی شەڕ بووە و شەڕێکی ١٠ ساڵەی بەخۆوە بینیوە.

ناوبراو دەریبڕی لە ڕابردوودا پارێزگای کرماشان ڕۆڵی ناوەندێتی ڕۆژئاوای وڵاتی گێڕاوە و پاشان وتیشی: چوونکە ئێمە سەرقاڵی پاراستنی سنوورەکانمان بووین دەرفەتمان نەبوو لە دۆلارە ٧ تمەنییەکان کەڵک وەرگرین و پارێزگاکەمان نۆژەن بکەینەوە.

جاسمی کرماشانی بە یەکێک لە ئەمنترین پارێزگاکانی وڵات ناو برد و ڕایگەیاند ئەم بابەتە بەستێنێکی زۆر گونجاو بۆ سەرمایەدانەری لە پارێزگادا دەڕەخسێنێت.

هەروەها ئاماژەشی کردە ناوچەی ئازادی بازرگانیی قەسری شیرین و وتی ئەم ناوچەیە لەگەڵ ٦ ناوچەی ئازادی دیکە لە پرۆژەیاسای دەوڵەت بۆ مەجلیسدا هاتووە و لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی ئابووری چاوەڕوان دەکەین پەسندی بکەن چوونکە ڕێژەی بێکاری لەم پارێزگایەدا زۆر لە سەرەوەیە.

سەرۆکی کۆمکاری نوێنەرانی پارێزگای کرماشان لە مەجلیس ئەوەشی خستە ڕووەوە کە پێشنیاری ناوچە تایبەتی ئابووری بۆ ئیسلاماوای غەرب و هەورامانات پێشتر ئاراستە کراوە و ئێستاکە پێوشوێنگریی بۆ دەکرێت و جەختیشی کرد: پێشنیاری ناوچەی تایبەتی ئابووریی کرماشانیشمان خستۆتە بەردەست و شوێنی ئەوەش دەگرین.

جاسمی وتی شارۆچکە پیشەییەکانی کرماشان دەڵێی بەر سۆنۆمی کەوتوون و پاشان دەریبڕی: لە تێکڕای یەکەکان تەنیا ٣٠ لەسەدیان و ئەویش بە توانای ٣٠ لەسەد خەریکی چالاکین. ئەمەش لە حاڵێکدایە شارۆچکەی فەرامان دەتوانێت ببێتە ناوچەی تایبەتی ئابووری.

ڕاشیگەیاند: ژێرخانەکانی ئەم کارە لە فەراماندا ئامادەیە و سەرەڕای ئەوەش کەوتۆتە پەنای هێڵی ئاسنی کرماشان.

جاسمی لە کۆتاییدا داوای کرد سنووری شۆشمێ بکرێتەوە و وتی: ئەو سنوورە لە ڕوانگەی هاتوچۆوە هیچ کێشەیێکی نییە و کردنەوەی سنوورەکە خواستی خەڵکی هەورامانە.