May 28, 2017 10:24 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: تۆوی پیرۆزی قورئان لە ئێرانی ئیسلامی دا چێندراوە

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە کۆڕی پرشنگداری خوو گرتن بە قورئانەوە وتی : تۆوی پیرۆزی قورئان لەم سەرزەوینەدا چێندراوەو ئەمڕۆ کەشی گشتیی وڵات لەگەڵ قورئان دا ئاشنایە.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی زانیاری گەیاندنی میدیایی نووسینگەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی لەم ئاهەنگەدا خووگرتن بە قورئانی بە هۆکاری دۆزینەوەی وەڵامی گونجاو بۆ پرسیارەکانی بەردەم ژیانی مرۆڤ زانی و پێی داگرت: لە کۆمەڵگایەک دا کە بەرەو ئامانجەکانی دەڕواتە پێشەوە، هەزاران پرسیار لە بارەی شێوازی پەیوەندی و هەڵس و کەوت، چەشنی هەڵوێێت دەربڕین و دۆستایەتی و دوژمنایەتی و شێوازی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ کاروباری دنیایی قوت دەبێتەوە کە قورئان بۆ هەرهەموو ئەو پرسیارانە وەڵامی هەیە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی،هۆی سەرلێشێوانی مرۆڤ و دنیای ئەمڕۆی گەڕاندەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەڵەو چەواشەکارانە بەم پرسیارانەو وتیشی: خوداوەند مرۆڤەکانی بۆ پەیوەندی و سۆزداری و یارمەتی دانی یەکتر خولقاندووە، کەچی ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایە شەڕو ناهێمنی و ترس و سەرلێشێوان سەری هەڵداوە. بەڕێزی مەرجی دەرباز بوون لەم گرفت و چورتمانەی ئاوڕدانەوە لە ڕێشاندانی قورئانی زانی و وتی: بەداخەوە ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئیسلامیش وەک کۆمەڵگاکانی دیکەی تووشی گرفت هاتووەو کەسانێکی ناشیاوو لێنەهاتوو وەک کاربەدەستانی دەوڵەتگەلێکی وەک سەعودی چارەنووسی بڕێک لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکانیان بە دەستەوە گرتووە.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی  هۆکاری دروست بوونی وەها بارودۆخێکی دوورکەوتنەوە لە باوەڕو ئیمان و ڕاستییەکانی قورئان زانی و پێی داگرت: ئەو جۆرە کەسانە بە ڕواڵەت بڕوایان بە قورئانەو تەنانەت ملوێنان نوسخەی قورئانیش بڵاو دەکەنەوە، کەچی لە کردەوەدا بە پێچەوانەی فەرمانەکانی قورئان، بوونەتە هاودەمی کافران و ئەو سامان و داراییەی کە دەبێ بۆ جەماوەری خۆیان خەرجی کەن، پێشکەشی کافران و دوژمنانی خەڵکەکەیان دەکەن.

بەڕێزی وێڕای ئاماژە کردن بە خەیاڵی پوچەڵی بڕێک لە وڵاتانی کۆنەپەرست کە لایان وایە دەتوانن بە پارە دۆستایەتیی دوژمنانی ئیسلام بەدەست بێنن ، وتیشی: ڕاستییەکەی ئەمەیە کە دۆستایەتییەک لە ئارادا نییە و هەر بەوجۆرەی کە خودی ئەمریکییەکانیش وتوویانە بەس وەک مانگایەک دەیاندۆشن و لە کۆتایی دا سەریان دەبڕین.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وێڕای ئاماژە کردن بە هەڵس و کەوتی دژی دینی لە یەمەن و بەحرەین، وادەو بەڵێنی قورئان لەمەڕلەنێو چوونی ناحەقی و بەتاڵی وەبیر هێنایەوەو وتیشی: ئەوانەی وا دژی موسڵمانان ئاوا کارگەلێک دەکەن، ناحەق و بەتاڵن و دیارە ناخەق و بەتاڵیش سەرەنجام هەر تووشی ڕووخان و لەنێو چوون دەبن. هەڵبەت کاتی لەنێو چوونیان بە چۆنیەتیی هەڵس و کەوتی بڕوادارانەوە بەستراوەو ئەگەر کۆمەڵگای بڕوادار ڕێک بجوڵێتەوە، لەنێو چوونی ناحەقی و بەتاڵیش زووتر ڕوو دەدات.

بەڕێزی تیشکی خستە سەر ئەزمونی گەلی ئێران و سەرکەوتنی لە شەڕی داسەپاوی ڕژێمی سەددام بە سەر ئێراندا و وتی: خەڵک نەک هەر بە دەستی بەتاڵ لەو شەڕە داسەپاوەدا سەرکەوتن، بەڵکو ئەوە بۆ چل ساڵیش دەڕوات کە لە بەرامبەر بەرەیەکی بەهێزی ماددی دا کە لە هەموو لایەکەوە شمشێریان لێ هەڵکێشاوە، وەستاوەو ئەم ئەزمونانەش ئەوە دەردەخەن کە ڕێگای پێشکەوتنی بەهێزو سەربەرزی و سەرکەوتن پەیوەندی لەگەڵ قورئاندایە.