حوزه‌یران 19, 2017 19:20 Asia/Tehran
  • کوژرانی فەرماندەرێکی گرووپی ڕەشەکوژی ئەنسارولفورقان لە باشووری ئێران

لەمیانەی ئۆپەراسیۆنی هێزی زەوینیی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و بنکەی قودس"ی ئەو سپایە جەلیل قەنبەرزهی فەرماندەری ڕێکخراوی ڕەشەکوژی ئەنسارولفوڕقان لە بەرزایەکانی قەسری قەندی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران کوژراوە .

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما، قەرارگای قودسی هێزی زەوینیی سپا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: تەرمی جەلیل قەنبەرزهی تیرۆریستی جیهانی لەگەڵ چوار کەس لە هاوڕێ و یاریدەرەکانی ئێستا لەدەست هێزی زەوینیی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دایە.

قەرارگای قودسی هێزی زەوینیی سپا ڕایگەیاندووە، ئەو تیرۆریستە تەکفیریە لەبەر تاوانگەلی بەرفراوان لە سنورەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، بیست وپێنج ساڵ لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە پێوشوێن دەگیردرا.

تەقینەوە لە ڕێوڕەسمی تاسوعای حوسێنیی چابەهار(دیسەمبەری٢٠١٠) ، ناردنی کەسانی خۆکوژ بۆ مزگەوتەکان، هێرش بۆسەر فەرمانبەران و کارمەندانی هێزی پۆلیس و دەیان تاوانی دیکە، لە کردەکانی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستیی ئەنسارولفوڕقان بووە.

بەپێی ڕاگەیاندنی قەرارگای قودسی هێزی زەوینیی سپا، سەرکردەی گرووپی ئەنسارولفوڕقان لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە داکۆکی دراڤی لێ دەکراو کۆڕ و دانیشتنی زۆری لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکانی جێگیر لە ئەفغانستان بووە بۆ زەبر وەشاندن لە ئێران.

هێزی زەوینیی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی پێنج شەممەی ڕابردوو(١٥ی ژۆئەن) یش ڕایگەیاندبوو کە تیمێکی تیرۆریستیی تەکفیری لەناوچەی قەسری قەندی سیستان و بەلووچستانی تێکشکاندبوو.