حوزه‌یران 20, 2017 15:55 Asia/Tehran

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئەمریکا و عەرەبستان توانای ئەوەیان نییە ئامانجە نادرووستەکانیان لەمەڕ داکۆکی لە تیرۆریستانی نێو ئێران بێننە دی، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ ڕژێمی سەعوودی لە مەسەلەی فەرمان دان بە هەڵمەتی تیرۆریستی لە ئێران تۆمەتباری سەرەکییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا؛ "حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" ڕۆژی دووشەممە لە دیداری "لوان جاگاریان" باڵیۆزی ڕووسیا لە تاران هەروەها پێی داگرت لە سەر پێویستیی چارەسەر کرانی سیاسیی قەیرانەکانی ناوچە و وتی: باروودۆخی مرۆیی لە یەمەن کارەساتبارە.

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی وتیشی: بەردەوام بوونی پەلامارەکانی ڕژێمی سەعوودی بۆ سەر یەمەن، گەمارۆی مرۆیی و قەیرانی نەخۆشیی "کولێرا" لەم وڵاتە پێویستی بە سەرنج دان و بەدواداچوونی لێبڕاوانەی کۆمەڵگەی جیهانییە.

باڵیۆزی ڕووسیا لە تارانیش لەم دیدارەدا بە دەربڕینی داخ و مەخابن بەرامبەر بە وپ ەلامارە تیرۆریستییانەی ئەمدواییەی لە تاران ڕوویدا، وتی: ئەم پەلامارانە ئەوەی سەلماند کە تیرۆریستان و داکۆکیکارانیان چەندە بێ دەسەڵاتن.

"لوان جاگاریان" بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ڕووسیا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەک بەرەدایە بۆ خەباتی دژ بە تیرۆریزم ڕاشکاوانە رایگەیاند: مۆسکۆ بە وردی باروودۆخی ناوچەکەی لە کۆنترۆڵدایە و هاوڕێ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەوڵ دەدات بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و هێوری بۆ ئەم ناوچەیە.

پەلامارەکانی ڕۆژی ٧ی ژوەن، لە لایەن تیرۆریستانی سەر بە گرووپی تەکفیریی داعش بۆ سەر مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران و گڵکۆی پاکی ئیمام خومەینی (رە) لە تاران، ١٨ شەهید و ٥٢ برینداری لێکەوتەوە.

گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ساڵانی ئەمدواییەدا بە داکۆکیی دراوی و لۆجستیکیی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە لەوان عەرەبستان، جەنایەتێکی بەربڵاوی لە وڵاتانی ناوچە بەتایبەت  ئێراق و سووریا ئەنجام داوە.

سەرپەیڤ