داکۆکیی کاربەدەستانی باڵای ئێران لە گەلی چەوساوەی فەلەستین
بەرپرسان و کاربەدەستانی باڵای ئێران وێڕای بەشداری لە ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانیی قودس داکۆکیی خۆیان لە گەلی چەوساوەی فەلەستین ڕاگەیاند و تاوانکارییەکانی ڕژێمی زایۆنییان شەرمەزار کرد .
حەسەن روحانی سەرۆکی کوماری ئیسلامیی ئێران لە پەراوێزی ڕۆژی جیهانیی قودس لە تاران لە نێو پەیامنێران دا وتی : پەیامی ڕۆژی قودس پەیامی بێزاری گەلی ئێران لە رژێمی داگیرکەری قودس و پشتیوانی لە گەلی فەلەستینە .
ئایەتوڵڵا سادقی ئاموولی لاریجانی سەرۆکی دەسەڵاتی دادەڤانیی ئێرانیش لە پەراوێزی ئەم ڕێ وڕەسمەدا وتی : نیزامی دەسەڵاتخواز بە تایبەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دا هەوڵ ئەدەن بابەتی سەرەکیی فەلەستین لەگەڵ پرسی لاوەکی وەکوو لە ئێران ترساندن بگۆڕن کە سەرکەوتوونابن .
ئایەتوڵڵا ئەحمەدی جەننەتی سەرۆکی ئەنجومەنی خوبرەکانی ڕێبەریش لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێران دا وتی خەڵکی ئێرانی ئیسلامی بۆ بەرگری لە ئارمانجەکانی فەلەستین و شوڕش هاتنەسەر شەقام و پیلانی دوژمنانیان پووچەڵ کردەوە .
ئیسحاقی جەهانگیری یاریدەری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش رژێمی زایۆنی بە دوژمنی سەرەکی وڵاتانی ئیسلامی زانی و وتی : وڵاتە ئیسلامییەکان دەبێ لە بیری یەکێتی و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی دا بن وەک دوژمنی سەرەکیی وڵاتە ئیسلامییەکان .
سەرلەشکری پاسدار محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش لەبارەی گرینگایەتی ڕۆژی جیهانی قودسەوە وتی : لە قوتابخانەی ئیسلام دا قەبووڵ کردنی غەدر و ستەم جێیەکی نییە و موسوڵمانانی ڕاستەقینە هەمیشە لە ڕێگەی بەرەنگار بوونەوەی زوڵم و ستەم دا هەنگاو دەنێن .
عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشیی نیشتمانیی ئێرانیش ئاسایشی بەهێڵی سووری نەگوڕی کۆماری ئیسلامی ناوبرد و جەختی کردەوە هەر گرووپێک یان وڵاتێک کە بیهەوێ بە هەر لەونێ زەبر لەم بابەتە گرینگە بوەشێنێ ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند دەبێتەوە .
سەردار سەرتیپی پاسدار حسێنی دێهقان وەزیری بەرگریی ئێرانیش رژێمی ساختەی زایۆنی بە
هۆکاری نائەمنی و بێ سەقامی لە ناوچەکەدا زانی ووتی : ڕۆژی قودس ڕوژی ژیاندنەوەی ئیسلام و یەکێتیی هەموو گەلانی موسوڵمانە .
موحسین رەزایی سکرتێری ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئێرانیش ڕۆژی قودسی بە هێمای بەرەنگاربوونەوەی حەق و ناحەق زانی و وتی : پەیامی گرینگی رۆژی جیهانیی قودس ئەوەیە کە ئوممەتی ئیسلامی ناچێتە ژێر باری غەدر و ستەمێک کە پشتیوانی ئیستکباری جیهانی لە پشتە .
سەرلەشکر سەید حەسەن فیرووزئابادی ڕاوێژکاری باڵای سەربازی فەرماندەی گشتیی هێزەکانیش بە پەیامنێرانی وت : ڕۆژی قودس بە مانای بەرگری لە مافی گەلی فەلەستینە وەک پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلام.
رێپێوانی ڕۆژی جیهانیی قودس ئەمڕۆ هەینی بیست و سێی حوزەیرانی دووهەزارو حەڤدە وەک دوایین رۆژی هەینی مانگی موبارەکی ڕەمەزان لەسەرانسەری ئێران بەڕێوە چوو.