حوزه‌یران 25, 2017 08:57 Asia/Tehran
  • سەرکردەی هێزی هەوافەزای سپای پاسداران: دوژمنان پەیامی هەڵمەتە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەوبارەگاکانی داعشیان وەرگرت

سەرکردەی هێزی هەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: دوژمنانی ناوچەیی و بەدەر لە ناوچەکە پەیامی هەڵمەتە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەوبارەگاکانی تاقمی تیرۆریستیی داعشیان لە سووریا وەرگرت.

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە هەژدەی ژوئەن بە مەبەستی تەمێ کردنی تیرۆریستانی تەکفیری لە سووریا، بنکەی سەرکردایەتی و مۆڵگەو مەکۆی پشتیوانی و ئامادە کردنی ترۆمبیل گەلی بۆمب ئاخنکراوی تیرۆریستانی تەکفیرییان لە ناوچەی دەیرزوور لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەیان بە چەند موشەکی نێوانبڕی زەوی بۆ زەوی بوردومان کرد.

سەداری سەرتیپ ئەمیر عەلی حاجی زادە سەرکردەی هێزی هەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، وتیشی:هەڵمەتی موشەکیانەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکەوبارەگاکانی تاقمی تیرۆریستیی داعش لە دەیرۆوزووری سووریا بە نوێنەرایەتی لە لایەن گەلی دوژمن بەزێنی ئێران و بنەماڵەی شەهیدان و کەس و کاری لێقەوماوانی هێرشە تیرۆریستییەکەی حەوتەمی ژوئەن لە تاران ئەنجامی گرت.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە حەوتەمی ژوئەن لە دوو هێرشی تیرۆریستیی جیادا بینای ئیداریی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران و گڵکۆی پاکی ئیمام خومەینی(رە) کەوتە بەر تەقەو پەلاماری چەند چەکدارێکی خۆکوژ کە لە ئەنجامی ئەم کردەوە تیرۆریستییە هەژدە کەس شەهیدو پەنجاو دووکەسیش  بریندار بوون. دوابەدوای ئەو دڕندەکارییەی تیرۆریستان، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕایگەیاند بوو کە ڕژانی هیچ خوێنێکی پاک بەبێ وەڵام ناهێڵێتەوە .

جێگای ئاماژەیە کە سەداری سەرتیپ ئەمیر عەلی حاجی زادە سەرکردەی هێزی هەوافەزای سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە: بەو هەڵمەتە موشەکییە زەبرێکی قورس و زیانێکی گیانیی زۆر لە تاقمی تیرۆریستی داعش کەوتووەو ئەم هەڵمەتە تیرۆریستانی بەتەواوی لەبەریەک هەڵوەشاندووەتەوە.