حوزه‌یران 27, 2017 07:46 Asia/Tehran
  • زەریف: ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ زلهێزانی جیهان، ئەنجامی خۆڕاگریی هەموو چین و توێژێکی گەلی ئێران بوو

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی سێشەممە لە کۆڕی ئێرانیانی دانیشتووی ئەڵمان لە بەرلین وتی؛ ئەوە گەلی ئێران بوو کە بەرجامی بە ئاکام گەیاند و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی کێشایە پێی مێزی دانوستانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ زەریف وتیشی؛ سەرکەوتنی ئێران لە هەموو بوارێکدا لەوان هەشت ساڵ بەرەڤانیی پیرۆز، سەردەمی بنیاتنانەوە و دانوستانی ئەتۆمی بە هۆی پشتیوانی و خۆڕاگریی گەلی مەزنی ئێرانە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی؛ خەڵکی ئێران بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش "بەرجام"یان بە ئاکام گەیاندووە و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانیان کێشایە پێی مێزی دانوستانەوە ، کە ئەگەر وا نەبوایە دوژمنان پێیان خۆش نەبوو ئێران تەنیا یەک سانتریفیوژیشی هەبێ هەروا کە "ئۆباما" وتبوو کە ئەگەر بۆم گونجاو بوایە نەمدەهێشت تەنیا یەک پێچی سانتریفیوژیش لە ئێران بەرهەم بێت.

"محەممەد جەواد زەریف" وتی: مەقامی مەزنی ڕێبەری لە نوێژی جەژنی ڕەمەزاندا فەرمووی کە دەوڵەت دەبێ خێرا بجوڵێتەوە و داخوازەکانی خەڵک بێنێتە دی، ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەموو خەڵکی ئێران و تاک بە تاکی گەلەکەمان پشتیوانی حکومەتن لەوان ئەو ئێرانیانەی کە لێرەدا سەردانی نوێنەرایەتییەکانی ئێمە دەکەن ئەوان بەرامبەر بە ئێمە هیچ بەرپرسایەتییەکیان نییە ئەوە ئێمەیان کە دەبێ بەرامبەر بە ئەوان وەڵامدەر بین.

زەریف کە بە مەبەستی دیدار و وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ئەڵمانی سەردانی بەرلینی کردووە  پێشتر لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەورووپا لە ئەڵمان وتاری پێشکەش کردبوو.