حوزه‌یران 27, 2017 10:45 Asia/Tehran
  • بەشداریی نوێنەرانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە کۆبوونەوەی ئاستانە

وەزیری دەرەوەی کازاخستان ڕایگەیاند ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە خولی دواتری دانوستانی ئاشتی سووریا لە ئاستانە بەشدار دەبن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ "غەیرەت عەبدوڕەحمانۆف" وەزیری دەرەوەی کازاخستان ڕۆژی دووشەممە باسی یەکلا بوونەوەی بەشداریی ئێران، ڕوسیا و تورکیا لە خولی دواتری دانوستانی ئاشتی سووریای کرد کە ڕۆژانی ٣ و ٤ی ژولایی لە ئاستانە بەڕێوە دەچێ.

عەبدوڕەحمانۆف وتی: سەبارەت بە بەشداری لە دانوستانەکانی داهاتووی ئاشتیی سووریا لە ئاستانە، هەموو دەوڵەتانی دەستەبەرکار ڕایانگەیاندووە کە بەشدار دەبن.

بە پێی قسەکانی وەزیری دەرەوەی کازاخستان؛ نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا، نوێنەری تایبەتی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا، "ستێفان دی میستۆرا" نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێکیش لە ئەردەنەوە لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن.

عەبدوڕەحمانۆف بە ئاماژە بەوەی کە چاوەڕێ ئەوەن نوێنەری باڵای ئەمریکایش وەکوو چاوەدێر لەم دانوستانە بەشدار بوونی خۆی ڕابگەیەنێ، وتیشی: ئێمە ئەو چاوەڕوانییەمان لە وڵاتانی دەستەبەرکار هەیە مەسەلەی بەشداریی شاندی دەوڵەتی سووریا و گرووپەکانی بەرهەڵستکاریش بۆ ئێمە پشت راست بکەنەوە.

ئاگربڕی گشتداگری ئێستا لە سووریا لە ٣١ی دێسەمبەری ٢٠١٦ـەوە بە پێی پلان و بەرنامەی ئێران، ڕووسیا و تورکیا دامەزرا.

خولی یەکەمی دانوستانی ئاشتیی سووریا ٢٣ و ٢٤ی ژانڤییە و خولی دووەم ١٥ و ١٦ی فێڤرییە لە شاری ئاستانەی پێتەختی کازاخستان بەڕێوە چوو.

ئەم دانوستانانە بە دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاریکاریی ڕووسیا و تورکیا، لە پێناو دامەزراندنی ئاشتی لە سووریا بەڕێوە دەچێ.

سەرپەیڤ