سەرۆکی مەجلیسی ئێران: ستراتژیی ئەمریکا هاوتەریب لەگەڵ تیرۆریزمە
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی سەرۆک پەرلەمانانی وڵاتانی ناوچەی ئوراسیا لە سێئولی پێتەختی کۆریای باشوور پێی داگرت: ستراتژیی ئەمریکا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم نییە بەڵکوو هاوتەریب لەگەڵ ئەو دیاردە دزێوەیە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا، تیرۆریزم و توندڕەوی بە مەترسییەکی قورس لە سەر هەموو جیهان وەسف کرد و وتی: ستراتژیی ئەمریکا لە ڕاستیدا بە ئامراز کردنی تیرۆریزمە، هەر بۆیە وڵاتانی ئەندامی ئوراسیا دەبێ بە لەونێک بجوڵێنەوە کە خاوەنانی ئایدۆلۆژیای تیرۆریزم و داکۆکیکارانیان لە ڕەهەندی پروپاگەندەیی، سیاسی و ئاسایشییەوە بەرەوڕووی ئاکامەکانی تیرۆر ببنەوە.
لاریجانی وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرنج دانی پێگەی گرینگی ژیۆپۆلیتیکی خۆی و خاوەنێتی زۆر توانا و پوتانسییەلی ئابووری، کەلتووری و ئاسایشیی ئامادەیی ئەوەی هەیە تا زیاتر لە جاران دەوری گرینگی خۆی بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە و یارمەتیدانی بە ڕەوتی دامەزرانی سیستەمێکی ئەمنیی پاوەجێ لە ناوچەی ئوراسیا بگێڕێ.
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە جەنایەتی تیرۆریستان بەتایبەت داعش لە سووریا، لیبی، ئێراق، ئەفغانستان و یەمەن ڕاشکاوانە رایگەیاند: باروودۆخی ئێستا لە سووریا بە هۆی خۆوەردانی بیانییەکان نالەبارتر بووە و بۆتە هۆی ئەەی کارەساتی مرۆیی لەم وڵاتە سەر هەڵدات.
لاریجانی کردەوەکانی ئەمریکا لەمەڕ داسەپاندنی بایکۆتی ئابووریی یەکلایەنە بە سەر وڵاتانی سەربەخۆیشی بە بنپێ کردنی ئاشکرای مافە نێودەوڵەتییەکان ، بنەما و بنچینەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها یاسا و ڕێساکانی سیستەمی بازرگانیی چەن لایەنە زانی و وڕایگەیاند: بڕیارەکانی ئەمدواییەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لەمەڕ داسەپاندنی بایکۆت دژ بە ڕێکخراوەکان و شاروومەندانی ئێرانی و ڕووسی، لەگەڵ بڕیار و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی واشینگتۆن نایەتەوە.
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: دەوڵەتانی ناوچە دەبێ بۆ پێشگری بە گرتنی وەها بڕیارگەلێک ، سیستەم و مکانیزمێکی کاریگەری ناوچەیی دابمەزرێنن.
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بۆ بەشداری لە کۆنفەرانسی نێودەوڵەتیی ئوراسیا ، گەیشتە سێئولی پێتەختی کۆریای باشوور.