ته‌مووز 24, 2017 10:22 Asia/Tehran
  • لاریجانی : حکومەتی عێراق دەبێ لە یەکپارچەیی خاکی خۆی بەرگری بکات

سەرۆکی مەجلسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران گوتی : حکومەتی عێراق دەبێ لە یەکپارچەیی خاکی خۆی بەرگریی بکات تا لە داهاتوودا ، عێراقێکی بەهێزتر و ئەمن و دیموکراتیک لە ناوچەکەدا ببینین .

عەلی لاریجانی دوانیوەڕۆی یەکشەممە لە دیداری سەرلەشکەر عێرفان ئەلحەیالی وەزیری بەرگریی عێراق بە ئاماژە بە پێویستیی پاررێزرانی یەکیەتی نێوان گەل و حکومەتی عێراق ، جەختی کردەوە : یەکدەنگی و  یەکڕیزیی نێوان گەل و هێزە چەکدارەکانی عێراق  تواناییەکی باش بۆ عێراق بەدی دێنێ ، چونکە هەندێ وڵات بە دوای نانەوەی دووبەرەکی لە نێو خاکی عێراق دان و بابەتی هەڵوەشاندنی عێراق دێننە گۆڕێ .

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ، ئاماژەی کردە پیلانە نوێکانی ئیسراییل لە ناوچەکەدا و وتیشی : کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەک سەردەمانی بەرەنگاربوونەوەی ترۆریسم لە تەنیشت گەل و حکومەتی عێراق دا دەمێنێ و داکۆکی دەکات لە یەکیەتی تاقم و گروپە عێراقیەکان .

سەرلەشکەر عیرفان ئەلحەیالی وەزیری بەرگریی عێراقیش لەم دیدارەدا گوتی : گەل و حکومەتی عێراق هەرگیز داکۆکیی ئەو کەسانە لە بیر ناکات کە لە شەڕی دژی ترۆریستاندا ئەوانیان بە تەنیا جێ نەهێشت .

ناوبراو جەختی کردەوە  : گەلی عێراق بە هیچ لایەنێکی سیاسی رێگای هەڵوەشاندنەوەی وڵاتەکەیان نادات ، چونکە سەرکەوتن لە بەرامبەر ترۆریستان پێناوداری خوێنی  کوژراون بۆ پاراستنی یەکیەتی عێراق بووە .