چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی کۆڵبه‌ری، ئاڵووێری کاڵا له سەر سنوور یاسایی ده‌بێت
پارێزگاری کوردستان ڕایگه‌یاند له چوارچێوه‌ی گه‌ڵاڵه نوێیه‌که‌ی ده‌وڵه‌ت، هه‌ر بنه‌ماڵه‌یەکی سنوورنشین که له ۲۰ کیلۆمه‌تری سنووره‌کاندا بژی ده‌توانێت به یاسایی کاڵا بباته ئه‌و دیوی سنوور.
به پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، به پێی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه سنوورنشینانی چوار پارێزگای کوردستان، ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و سیستان و به‌لوچستان ده‌توانن به نرخێکی گومروکی زۆر که‌مه‌وه که‌لوپه‌ل هاورده‌ی ئێران بکه‌ن.
زاهدی له‌مباره‌وه وتیشی : بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گومروکات به فه‌رمی له سه‌ر سنووره‌کان ده‌کرێنه‌وه و جێگیر ده‌بن. هه‌روه‌ها له سه‌ر سنووره‌کان بازاڕی ئازاد ده‌کرێته‌وه تاکوو که‌لوپه‌له‌کان به نرخی ئازاد له سه‌ر سنووره‌کان بازرگانی پێوه بکرێت.
ئه‌و وتی: جێبه‌جێ کردنی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه به‌شێکی زۆر له کێشه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی به کۆڵبه‌ر ناسراون چاره‌سه‌ر ده‌کات، ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی تاکوو ۲۰ کیلۆمه‌تری سنووره‌کان نیشته‌جێن ناسنامه‌ی تایبه‌تی بازه‌رگانی سنووریان بۆ دروست ده‌کرێت و ده‌توانن له‌م ده‌رفه‌ته که‌ڵک ببه‌ن.
زاهدی جه‌ختی کرد: یه‌کێک له باشییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه دابین کردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ ته‌یار کردن و دروست کردنی رێگا وبانی ئه‌و شوێنانه‌یه که به ڕێگه‌ی هات و چووی کۆڵبه‌ری ناسراون و دۆخێکی ئه‌سته‌میان هه‌یه.
شایانی باسه که له‌م گه‌ڵاڵه‌یه خشته‌ی ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی که ده‌کرێت هاورده‌ی ئێران بێت دیاری کراوه، هه‌روه‌ها له هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ک ته‌نیا یه‌ک که‌س ده‌توانێت له‌م ده‌رفه‌ته سوود ببات و مانگه به بڕێکی دیاریکراو که‌لوپه‌ل به نرخی ئازاد هاورده‌ی ئێران بکات.