ته‌مووز 26, 2017 16:02 Asia/Tehran
  • رۆحانی: گومانی تێدا نییە ئێران وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکاردانەوە بە پەسەندکراوی ئەم دواییەی کۆنگرەی ئەمریکا لەدژ ئێران، پێی داگرت: ئێران لەهەمبەر کردەی دژە ئێرانی نوێی کۆنگرێسی ئەمریکا ، کاردانەوەی دەبێ و شێلگیرانە وەڵام دەداتەوە.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دوێشەو لە درێژەی ڕەوتی دوژمنکارانەی واشنگتۆن لەهەمبەر تاران، گەڵاڵەی تۆکمەی بایکۆتەکانی ئێرانی بە٤١٩دەنگی ئەرێ، پەسەند کرد.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لەکۆڕی ئەنجومەنی وەزیران بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان چل ساڵ زەخت و گوشار، بایکۆت، دنەدانی ژمارێک وڵاتی ناوچە لەدژ گەلی ئێرانیان تاقی کردەوەو لە هەموو قۆناخەکاندا شکستیان هێناوە، وتی: ئەمریکییەکان دەبێ لە شکستی بەردەوامیان لە ڕووبەڕووبوون لەگەڵ گەلی ئێراندا، پەند وەربگرن.

رۆحانی وتی: ئەگەر ئەمریکا دەیەوێ، ناوچەی هەستیاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەکی پاوەجێ و هێمنتر بێ و ڕێگائاوییە هەستیارەکانی ئەو ناوچەیە، ڕێگائاویی هێمن بۆ جیهان بێت، دەبێ کۆتایی بە سیاسەتەکانی ئێستای بێنێ و ئاگادار بێ گەلی ئێران قەت ناکەوێتە ژێر کارتێکەریی پیلان و دهۆکان و ڕێبازی خۆی بەردەوام دەکات.

سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ئەمریکا دەبێ ڕێز بگرێ لە مافەکانی گەلی ئێران و ئاگادار بێت تەنیا لەسای ڕێز و ئیحترامەوە، مافەکانی گەل و گرتنەبەری ڕێبازی ئاشتیانە، بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەمریکا دابین دەبێت.

سەرۆکی دەزگەی بەڕێوەبەرایەتی ئێران وتی: دوژمنکاریی ئەمریکا، تەنیا دوژمنایەتی کردن لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە، بەڵکوو ئەمریکییەکان، خۆڕاگری، ڕاوەستاویی و سەرچەشن بوونی گەلی ئێرانیان پێ قەبووڵ ناکرێ و ناتوانن قەبووڵی بکەن کە لەو ناوچە هەستیارەدا، ئێران خاوەن سەربەخۆیی و کارتێکەریی بێت .

سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها بەپێداگری لەسەر بەهێزکرانی دەسەڵات و بنەمای بەرەڤانیی ئێران، وتی: ئێران، هەموو چەکئامێرە بەرەڤانییەکانی خۆی بێ گوێدان بە ڕوانگەی کەسانی دیکە ، بەهێز دەکاو هێزە چەکدارەکان بریتی لە؛ ئەرتەش، سپای پاسدارانی شۆڕشی  ئیسلامی، بەسیج، هێزی پۆلیس و هێزە ئاسایشییەکان ، پاڵپشتی گەلی مەزنی ئێرانیان لەپشت دەبێ.

سەرپەیڤ