ته‌مووز 27, 2017 20:57 Asia/Tehran
  • سبەینێ دوای نوێژی هەینی خۆپیشاندانی ناڕەزایانەی دژی تاوانکارییەکان لە مزگەوتی ئەقسا و قەڵاچۆی بێ بەزەییانە لە میانماڕ بەڕێوە دەچێ

ئوای نوێژی هەینیی ئەم حەوتەیە لە شەش پارێزگای ئێران دا لە شارەکانی قوم، مەشهەد، شیراز، تەورێز، ئەسفەهان و تاران خۆپیشاندانی ناڕەزایانەی دژی تاوانکارییەکان لە مزگەوتی ئەقسا و قەڵاچۆی بێ بەزەییانە لە میانماڕ بەڕێوە دەچێ.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران بە گێڕانەوە لە پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی ڕێکخستنی بانگەوازی ئیسلامی،ئەنجومەنی ڕێکخستنی بانگەوازی ئیسلامی دوابەدوای تاوانکارییەکانی دڕندانەو بێ شەرمانەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایونی دژی جەماوەری چەوساوەی فەلەستینی داگیرکراوو قەڵاچۆی بێ بەزەییانەی نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا و هەروەها قەڵاچۆی موسڵمانانی بێ دەرەتان و بێ پەسیوی میانماڕ لە لایەن توندئاژۆیانی ڕەگەزپەرستەوە، بە دەرکردنی بانگەوازێک وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەم دڕندەکارییانە ڕایگەیلند: دوای بەڕێوە چوونی نوێژی هەینی ئەم حەوتەیە شەشەمی خەرمانان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایانە دژی هۆکاران و سەرکردەکانی ئەم چەشنە دڕندەکارییانە بەڕێوە دەچێت.

ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایانەیە لە تاران دا دوای نوێژی هەینیی ئەم حەوتەیە، لە نوێژگەی ئیمام خومەینی(رە) دەست پێ دەکات و خۆپیشاندەران بە هەڵدانی دروشم بۆ ئیدانە کردنی تاوانکاریی دژی موسڵمانانی فەلەستین و میانمار بەرەو وێستگەی میترۆی شەهید بەهەشتی وەڕێ دەکەون.

ئەنجومەنی ڕێکخستنی بانگەوازی ئیسلامی لەم بانگەوازەدا، داوای لە جەماوەری شۆرشگێڕی شەش پارێزگای  قوم، مەشهەد، شیراز، تەورێز، ئەسفەهان و تاران کردووە هەتا بە بەشداریی بەربڵاوو یەک دەست و دوژمن شکێنی خۆیان لەم خۆپیشاندانە ناڕەزایانەیەدا، هاوپشتی لەگەڵ جەماوەری بڕوادارو شۆڕشگێڕی فەلەستین و میانماڕ ڕابگەیەنن و ڕق و توڕە بوونی خۆیان بەرامبەر بە دڕندەکارییەکانی زایونیەکان پیشان بدەن.