ئاب 05, 2017 08:46 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری ئێراق و سەرۆک وەزیرانی سووریا گەیشتنە تاران

فوئاد مەعسووم سەرۆک کۆماری ئێراق و عیماد خەمیس سەرۆک وەزیرانی سووریا دوێشەو لەسەرووی چەند شاندێک بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی دوانزەهەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتنە تاران.

لەڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی زۆرێ لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بۆ وێنە ، نەبی بێڕڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، پیۆ گارسیا سکۆدرۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی سێنای ئیسپانیا، ڕابرت موگابە سەرۆک  کۆماری زیمبابوە، محەممەد باوومیا، یاریدەری سەرۆک کۆماری غەنا، تان سری پاندیکار ئەمین مولیا سەرۆکی پەرلەمانی مالزی، کیم یونگ نام سەرۆکی کۆگەی باڵای گەلی کۆریای باکوور و چانگ سی کیون سەرۆکی پەرلەمانی کۆریای باشوور، بۆ ئامادەبوون لەڕێوڕەسمی سوێندخواردنی حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە تاران.

ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی دوانزەهەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرلەئێوارەی  ڕۆژی شەممە بەئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەتی و سەربازی ئێران و کاربەدەستانی باڵای زیاتر لە ٩٠ وڵاتی جیهان لە کۆڕی ئاشکرای مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەچێ.

بەپێی ڕاگەیاندنی ئەنجامی یەکجاریی دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ١٩ی مای٢٠١٧ لەئێران و ١٠٢وڵاتی جیهان بەڕێوە چوو، حەسەن رۆحانی بەربژاری ئەو هەڵبژاردنانە بەدەس خستنی زیاتر لە٢٣ملوێن دەنگ، جارێکی دیکە بوو بەسەرۆک کۆماری ئێران.

بەشداربوونی ئێرانیان لەو خولەی هەڵبژاردنەکان، زۆر گەرم و گوڕ و کەم وێنەبوو. لەبەر ئامادەبوونی بەرفراوان و ملوێنیی جەماوەر لەبەردەم سندوقەکانی دەنگدان، چوار جار کاتی وەرگرتنی دەنگ لە ئێران نوێ کرایەوە.

سەرپەیڤ