ئاب 17, 2017 10:18 Asia/Tehran
  • پەرە سەندنی هاوکاریی سەربازیی ئێران و تورکیا/ ئەردوغان سەردانی تاران دەکات

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: هاوکاریی سەربازیی بەرەڤانیی ئێران و تورکیا پەرە دەستێنی.

"سەردار سەرلەشکر محەممەد باقری" سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران شەوی پێنجشەممە پاش دیدار لەگەڵ کار بەدەستانی باڵای سەربازی و سیاسیی تورکیا لە ئانکارا لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران دا وتی: دوو وڵات سوور و پێداگرن لە سەر پەرەپێدانی پێوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەت لە بواری هاوکاریی سەربازی و بەرەڤانی.

"سەردار سەرلەشکر محەممەد باقری" وتیشی: لە وتوێژ لەگەڵ کاربەدەستانی سەربازی و ئەمنیی تورکیا لە سەر پەرەپێدانی هاوکاریی سەربازی و ئەمنی، هاوکاریی هاوبەشی سەرسنووری و پرسی جۆربەجۆری سەربازی ڕێککەوتن کراوە.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند:تاران و ئانکارا هەروەها ڕێککەوتن لە سەر ئەوەی کە لە بواری فێرکاری، ڕاهێنان و توێژینەوەدا هاوکارییان پێکەوە هەبێ؛ بەتایبەت ئەوەی کە مەسەلەی ئاڵ و وێڕی خوێندکار، هاتووچۆی پاپۆڕەکانی وڵاتانی یەکتری و بەڕێ کرانی چاوەدێر بۆ سەر مانۆڕەکانی دوولایەن زیاتر گرینگایەتی پێ بدرێت.

"سەردار سەرلەشکر محەممەد باقری" بە ئاماژە بەوەی کە داوای لە خولوسی ئاکار Hulusi Akar سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا کردووە کە سەردانی ئێران بکات ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: سەبارەت بە دامەزرانی ئاسایش لە سنوورە هاوبەشەکانی دوو وڵات و هەروەها کردەوە ئیجابییەکانی ئێران لەوان داخستنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی چەشنی جۆر بەجۆری قاچاخ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان زانیارییەکی باش خرایە بەردەستی کاربەدەستانی تورکیا.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە دیداری خۆی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی تاران دەکات و کۆمیسیۆنی ستراتژیی هاوبەش  بە مەبەستی پەرەپیدانی پێوەندی سیاسی، ئابووری و کولتوری و سەربازیی دوو وڵات بەڕێوە دەچێ.

 

سەرپەیڤ