بەڕێوە چوونی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەبەرهێنەران و بازرگانانی ئێران و سووریا لە دیمەشق
کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرمایەدانەران و بازرگانانی ئێران و سووریا لە پەراوێزی پەنجا و نۆهەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بەڕێوە چوو.
"جەواد تورک ئابادی" باڵیۆزی ئێران لە سووریا ئێوارەی دووشەممە لەم کۆبوونەوەیەدا، بە ئاماژە بەوەی کە چالاکانی ئابووریی ئێران لە پەنجا و نۆهەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشقدا، هەنگاوێکی گرینگیان لە پێناو چالاک کردنەوەی پێوەندییە ئابوورییەکانی دوو وڵات هەڵگرتووە، ڕایگەیاند: ئەمڕۆکە ئێران و سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوژمنانەی کە هەوڵیان دەدا بۆ ئاڵۆز کردنی ناوچەکە، پێکەوە یەکدەنگ و یەکگرتوو لە یەک بەرەدان و لە گۆرەپانی ئابووریشدا هەر یەکدەنگ و یەکگرتوو دەبن و پشتیوانی یەکتر دەبن.
پەنجا و نۆهەمین پێشانگەی نیودەوڵەتیی دیمەشق حەوتەمی ئاگوست بە بەشداری کۆمپانیاکانی ٤٣ وڵاتی جیهان لە شارۆچکەی پێشانگەیی دیمەشقی پێتەختی سووریا دەست بە کار کردووە و تا ٢٦ی ئاگوست بەردەوامە.
دوایین خولی پێشانگەی نیودەوڵەتیی دیمەشق هاوینی ساڵی ٢٠١١ چەن مانگ پاش سەرهەڵدانی قەیران لە سووریا بەڕێوە چوو.