ئاب 23, 2017 17:06 Asia/Tehran
  • ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئێران و تورکیا له دژی پەکەکە ڕەتکرایەوە

قەرارگای حەمزە سەیدولشوهەدا (ع)ی هێزی ویشکانیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پلانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئێران و تورکیا دژی پەکەکەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕەت کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا،دوا به دوای هەواڵێکی بڵاو کراوه لە بارەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە نێوان ئێران و تورکیا له دژی پەکەکە، قەرارگای حەمزە سەیدولشوهەدا (ع)ی هێزی ویشکانیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەنجام گرتنی هەر چەشنه  ئۆپەراسیۆنێک له دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دژی پەکەکە،ڕایگەیاند: ئێمه له دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هیچ پلانێکمان بۆ ئۆپەراسیۆن دانەڕشتووه.

بنکەی پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزە سەیدولشوهەدا (ع)ی هێزی ویشکانیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران جەختی کردووە: ئێمه له دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هیچ بەرنامەیەکمان بۆ ئۆپەراسیۆن دانەڕشتووه. بەڵام وەک ڕابردوو بە توندی بەرپەرچی هەر گرووپ، تیم و کەسێک دەدەینەوه که به نیازی ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی تیرۆریستی لە دژی ئاسایشتی ئەم وڵاتە بن.

قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا (س.خ) (نزسا) هەروەها جەختیشی کردەوه: سەرەڕای ئەوەی که کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو له دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هیچ پلانێکی نییه، بەڵام ئەگەر هەر گرووپێکی تیرۆریستی که له ساڵانی زووەوه هەتا ئێستا خۆیان خزاندۆته نێو ئۆردوگاکانیان له باکووری وڵاتی عێراق و له درێژەی ساڵی ڕابردوو و ئەوساڵ به پاڵپشتی و پشتیوانیی ناحەزانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵی خستنەوەی ناسەقامگیری له سەر خاکی وڵاتەکەمان بوونە (که هەڵبەت چەندین جار زەبری کوشنده و گورچکبڕیان بەر کەوتووه و پشت به خودا هیچیان بۆ نەچۆتە سەر)، به نیاز بن بچووکترین جووڵە بۆ خستنەوەی ناسەقامگیری و ناپاوەجێیی له سنوورەکانمان ئەنجام بدەن، له لایەن ئێمەوه وەڵامێکی توند و گورچکبڕیان دەدرێتەوەو، پاشماوەکانیان له هەر کوێ بن دەکرێنه ئامانج .

جێگای ئاماژەیە ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ماوەیەک لەمەوپێش باسی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێرانی کرد بوو بۆ بەربەرەکانێی دژی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیاو پژاک کە ئەم وتانەی ناوبراو لە لایەن سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە بەدرۆ خراوەتەوە.