پێداگریی ڕۆحانی و ئەردوغان لە سەر پێویستیی کۆتایی هاتنی جەنایەتی دژ بە موسڵمانان لە میانمار
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران و "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا شەوی یەکشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی ئیسلامی لە ئاستانەی پێتەختی کازاخستان دیداریان کرد و پێکەوە پرسی جۆر بەجۆریان خستە بەر باس و لێکدانەوە لەوان مەسەلەی میانمار.
ڕۆحانی لەم دیدارەدا بە ئاماژە بە باروودۆخی دڵتەزێنی خەڵکی موسڵمانی میانمار پێی داگرت: لە میانماردا کارەساتێکی گەورە خەریکە ڕوو دەدات و کۆتایی هاتنی خێرای توند و تیژی و جەنایەتی دژ بە موسڵمانانی ڕووهینگیایی و پێڕاگەیشتنی خێرا بە باروودۆخی لێقەوماوان و پەنابەران دەبێ ئامانجی هەموو سەرانی وڵاتانی ئیسلامی بێ.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە یارمەتیی مرۆڤدۆستانەی ئێران بەم زوانە بەڕێ دەکرێ بۆ موسڵمانانی لێقەوماوی میانمار، وتیشی: هاوبیر و ڕایی و هاوکاریی وڵاتانی ئیسلامی و بەتایبەت ئێران و تورکیا لەم بوارەدا دەتوانێ گەلێک گرینگ و کارتێکەر بێ.
ڕۆحانی هیوای خواست؛ کۆبوونەوەکانی سەرانی وڵاتانی ئیسلامی لە ئاستانە سەبارەت بە میانمار پەیامێکی ڕوون و بەهێز بدات بەو کەسانەی کە لە میانماردا دژ بە موسڵمانان توند و تیژی دەنوێنن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بە پێشوازی لە سەفەری داهاتووی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ تاران، پێی داگرت: لە پرسەکانی ناوچەدا ویست و ورەی بەرزی هەردوو وڵات لە سەر پاوەجێیی سنووری جوگرافیایی و پارێزرانی یەکپارچەیی خاکی دراوسێکان و هەر هەمو وڵاتانی ناوچەیەو هەرچەشنە گۆڕدران لە سنوورەکان بە مانای دەسپێبوونی کێشە و قەیرانێکی گەورە و بە زیانی گەلانی ناوچەکە دەبێ.
"ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیایش هیوای خواست: کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی ئیسلامی لە ئاستانە بەیاننامەیەک لە پێوەندی لەگەڵ میانمار دەرکات. وتیشی : دەتوانین لەگەڵ ئێران لەم بوارەدا هەنگاوی هاوبەش هەڵگرین و دەبێ وشداری لێبڕاوانە بدرێ بە بەرپرسانی میانمار لەمەڕ ئەوەی کە دەبێ خێرا کۆتایی بێنن بەو توند و تیژییانەی دژ بە موسڵمانان لەم وڵاتەدا دەکرێ.
ئەردوغان هەروەها ئێران و تورکیای بە وڵاتانی گەورەی ناوچەکە زانی و بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە هاریکارییەکانی دوو وڵات لە هەر بوارێکدا بنیاتنەرە، وتیشی: پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچە گەلێک گرینگە.