ئه‌یلوول 19, 2017 08:43 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دواهاتی نالەباری دەبێ

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: چونەدەری شیمانەیی ئەمریکا لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ، زەبر و زیانێکی قورس لەو وڵاتە دەدات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئێران کە بە مەبەستی بەشداری لە حەفتا و دوەمین کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرکدایە، ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژ لەگەڵ کەنالی ئەمریکایی "سی ئن ئن" سەبارەت بە کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە چوونەدەری شیمانەیی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتیشی: من پێم وانییە کە ئەمریکاییەکان بیانهەوێ بەرەوڕووی دواهاتی نالەباری ئەو کارە ببنەوە، ئەویش بۆ هەنگاوێک کە هەڵگرتنی هیچ سوودێکی بۆیان نابێ.

ڕۆحانی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەم کردەوە شیمانەییە نەک هەر هیچ سوودێکی بۆ ئەمریکا نابێ، بەڵکوو هاوکات دەبێتە هۆی ئەوەی بێ متمانەییەک لە پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سەرانسەری جیهان بێتە ئاراوە و پەرە بستێنێ.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت؛ ئێستاکە واشینگتۆن مژووڵی مەسەلەی کۆریای باکوورە و بێتوو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێتە دەرەوە چۆن دەتوانێ ئەوە بۆ کۆریای باکوور گەرەنتی بکات کە بە هیوای گەیشتنە تەبایی لەگەڵ ئەمریکا بێ.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ ( بەریتانیا،، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە گەیشتۆتە قۆناغی جێ بەجێ کرانەوە، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە تەگەرە دەنێتەوە.

 

سەرپەیڤ