ئه‌یلوول 19, 2017 12:25 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی:نابێ بێڵین دەسکەوتەکانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش کاڵ بکرێتەوە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە نابێ بێڵین دەسکەوتەکانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش کاڵ بێتەوە: هەموو لایەنەکانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش جگە لە پێبەند بوونی خۆیان ، دەبێ ئەندامانی دیکەیش هان بدەن بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیان.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیداریدا لەگەڵ "ئیمانۆئێل مەکرۆن" Emmanuel Macron سەرۆک کۆماری فەرانسا کە ئێوارەی دووشەممە و لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بەڕێوە چوو، هەڵس و کەوتەکانی دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ی بۆ هەموو کۆمەڵگەی جیهانی بە جێی نیگەرانی زانی.

ڕۆحانی رایگەیاند: تەنیا ناوەندێک کە مافی چاوەدێری بە سەر بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی هەیە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییە کە تا ئێستا حەوت جار ڕاشکاوانە جەختی کردووە لە سەر پێبەند بوونی ئێران بەم ڕێککەوتنە و نابێ هەندێ ڕێککەوتنی ڕوون و بێ کێشەی وەک بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ببەسنەوە بە بە پرس و بابەتی دیکەوە.

ڕۆحانی هەروەها بە ئاماژە بە مەسەلەی ئێراق و گرینگایەتیی داکۆکیی لێبڕاوانەی کۆمەڵگەی جیهانی و لەوان فەرانسا لە یاسای بنەڕەتی و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە وتیشی: مەسەلەی گشتپرسی لە ناوچەی کوردستانی ئێراق و هەرچەشنە هەنگاو نان لە پێناو گۆڕینی سنوور و جوگرافیای وڵاتانی ناوچە،گەلێک پڕمەترسییەو دەبێتە هۆی هەڵگیرسانەوەی ئاگری شەڕ و پێکدادانێکی درێژماوە لە ناوچەکەدا کە ئەوەیش بە سوودی هیچ وڵاتێک نابێ.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە خاڵی هاوبەشی کەلتووریی بەربڵاو لە نێو دوو گەلی ئێران و فەرانسا وتیشی: ئێران داکۆکیی لە هاتنی سەرمایەدانەرانی فەرەنسی دەکات لە پێنا هاوکاریی هاوبەش لە بەشی جۆر بەجۆردا.

"ئیمانۆئێل مەکرۆن" سەرۆک کۆماری فەرانسایش لەم دیدارەدا بە پێداگری لە سەر ویست و ورەی بەرزی پاریس بۆ پەرە پیدان و قووڵتر کردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ تاران وتیشی: فەرانسا خوازیاری جێبەجێ کرانی تۆکمە و تەواوی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشە و هەرچەشنە دانوستانی سەر لە نوێ لەم بارەوە بە بێ مانا و بێ کەڵک دەزانێ.

مەکرۆن هەروەها پێشنیاری پێکهاتنی گرووپێکی پێوەندیی پێکهاتوو لە هەموو گرووپ و لایەنەکانی شەڕو پێکدادان و دەسەڵاتەکانی ناوچە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادان لە سووریا ئاراستە کرد و ڕایگەیاند: ئامانج لە پێکهێنانی ئەم گرووپی پێوەندییە داخستن و یان پەک خستنی دانوستانەکانی ئاستانە نییە، بەڵکوو تۆکمەکەری دەبێ.

سەرپەیڤ