ئه‌یلوول 21, 2017 20:56 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی : هەڵوێستی ئێران لە بارەی ناوچەکەو ڕێککەوتنی ناڤۆکی جێگای قەبووڵی هەموو وڵاتانە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمساڵی ڕێکخراوەی نەتەوەکان وا دەردەخات کە هەڵوێستەکانی ئێران لە ناوچەکە، پرسی هەنگاوی هاوبەش و گەشەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و جیهان جێگای قەبووڵی هەموو وڵاتانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی پێنج شەممە دوای گەڕانەوەی لە نیۆیۆرک لە فڕگەی میهرئابادی تاران لە نێو ئاپۆڕەی هەواڵنێران دا وێڕای ئاماژە کردن بە دیدارە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان لە پەراوێزی حەفتاودووهەمین کۆگی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاند: لەو چاوپێکەوتنانەدا کاربەدەستانی ئەورووپی وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی ڕاپەڕێندرانی هەنگاوی هاوبەش جەختیان کرد کە هەنگاوی هاوبەش گەڕانەوەی بۆ نییەو دانوستانی دووبارەشی لە سەر ناکرێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای جەخت کردن لە سەر هاوتەریبیی لێدوانە دژی ئێرانییەکەی دۆناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاو ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە، وتیشی: زۆرێک لە میدیاکان و کاربەدەستانی وڵاتانی دیکە، بە تایبەت سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورووپی ڕاشکاوانە دژایەتیی خۆیان لەگەڵ لێدوان و هەڵوێستەکانی دژی هەنگاوی هاوبەشی ترەمپ ڕاگەیاند.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی هەروەها تیشکی خستەسەر بانگەشەکەی دۆناڵد ترەمپ لەمەڕ پێبەند نەبوونی ئێران بە ناوەڕۆکی هەنگاوی هاوبەش و پێی داگرت: کاربەدەستانی هیچکام لە وڵاتان بڕوایان بەو ڕوانگەیە نەبوو و هەر هەموو لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکەوتنی ناڤۆکی دا ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکییان دەکردە پێوەر کە ڕایگەیاندووە ئێران بەتۆکمەوتەواوی بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و شاندەکەی هاوڕێی کە بۆ بەشداری کردن لە حەفتاودووهەمین کۆگی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردبوو، نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە دوای گەڕانەوەی بۆ تاران لە لایەن عەلی ئەکبەری ویلایەتی ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێونەتەوەیی و ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمارو کۆمەڵێک لە وەزیرانی کۆڕی دەوڵەتی ئێرانەوە پێشوازیی لێ کرا.

 

سەرپەیڤ