ئه‌یلوول 25, 2017 08:34 Asia/Tehran
  • رۆحانی لەپەیوەندیی تەلەیفونی لەگەڵ عەبادی: لەتەنیشت حکومەتی ئێراقین

سەرۆک کۆماری ئێران بەپێداگریی لەسەر نەیارەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرچەشنە هەنگاوێک کە لەدژ یەکپارچەیی خاک و یەکڕیزیی نیشتمانیی ئێراقدا بێت، وتی: هەمووان دەبێ بزانن کە شەرعییەتیان لەچوارچێوەی یاسای بنەڕەتی ئێراق دایە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەیفونی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتەواوەتی داکۆکی لە حکومەتی ناوەندیی ئێراق دەکات.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە حکومەت و گەلی ئێراق وەک هەموو کێشەو ئاستەنگەکانی دیکە بەڕاوتەگبیر و حیکمەت، بەسەر کێشەی ئێستاش(ریفراندۆم) سەردەکەوێ، وتی: یاسای بنەڕەتیی ئێراق دەبێ لەلایەن هەمووانەوە ڕێزی لێ بگیردرێ و لادان لێی بەمانای ئەنجامدانی کردەی نایاساییە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەشی کردە پەیوەندییە تەلەیفونییەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیاو هاودەنگیی دوو وڵات لەمەڕ داکۆکی تۆکمە لە حکومەتی ئێراق و وتی: لەمەڕ پرسی گرینگی بەڕێوەچوونی کۆپرسی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق، ئێران لەتەنیشت وڵاتی دراوسێی و حکومەتی ئێراقدا دەمێنێتەوە.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراقیش لەو پەیوەندییە تەلەیفونییەدا وێڕای ڕێزگرتن لە هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەداکۆکی کردن لە یەکپارچەیی خاک و یەکڕیزیی نیشتمانیی ئێراق وتی: کردەی مەسعوود بارزانی لە کوردستانی ئێراق، گۆڕانکارییەکان بەرەو بەرەوڕووبوونەوەیەکی نوێ لە ئێراق پاڵ پێوە دەنێ.

سەرۆک وەزیرانی ئێراق بەشیکردنەوەی هەنگاونانی بەرفراوانی حکومەتی ناوەندیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بزاڤەی کوردستانی ئێراق وتی: حکومەتی ناوەندیی زۆر زیاتر لەوەی لەدەستووری ئێراقداهاتووە، دەسەڵاتی بە کوردستانی ئەو وڵاتەداو کردەکەی بارزانی ، کردەیەک لەدژ یەکپارچەیی خاک و یاسای بنەڕەتیی ئێراقە کە قەت قەبووڵ ناکرێ.

حەیدەر عەبادی جارێکی دیکە پێی داگرت: ریفراندۆم لەهەرێمی کوردستانی ئێراق بەپێچەوانەی یاسای بنەڕەتییەو ئەنجامەکەشی نایاساییەو حکومەتی ناوەندی قەت قەبووڵی ناکاو دانوستانیش لەوبارەوە ناکات، بەرپرسانی ئێراقی دەبێ درکی ئەوەیان هەبێ کە بەهیچ لەونێ نابێ بیر لە پارچە پارچەکرانی ئێراق بکەنەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئێراق هەروەها لەو پەیوەندییە تەلەیفونییەدا، جەختی کرد لەسەر پێویستیی پەرەپێدان و قووڵ کردنەوەی هاوکارییەکانی تاران-بەغدا لەگشت بوارەکاندا.

سەرپەیڤ