تشرینی یه‌که‌م 07, 2017 14:08 Asia/Tehran
  • دەسپێکرانی دانیشتنی لیژنەی کارگێڕیی یەکێتی پەرلەمانەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە تاران

سی و هەشتەمین دانیشتنی لیژنەی کارگێڕیی یەکێتی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوری هاوکاریی ئیسلامیPUIC ئەمڕۆ شەممە لە بنکەی ئەو یەکێتییە لە تاران، دەسپێکرا.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما، کازم جەلالی کە وەک نوێنەری مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بەشداری دانیشتنی لیژنەی کارگێڕیی یەکێتی مەجلیسەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کردووە، وتی: بڕیارە، لەو دانیشتنەدا، بەرواری بەڕێوەچوونی دانیشتنی سەرۆک پەرلەمانە ئیسلامییەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی و بەرنامەی کاری ئەو دانیشتنە کە ژانڤییەی٢٠١٨ لە تاران بەڕێوە دەچێ، دیاری بکرێت.

هەروەها لە دانیشتنی لیژنەی کارگێڕیی یەکێتی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، گرینگترین پرسەکانی جیهانی ئیسلام بۆ وێنە، فەلەستین، سووریاو ئێراق تاووتوێ دەکرێ.

لەو دانیشتنەدا وڵاتانی ئەندامی ئەو لیژنە، بریتی لە ئەلجەزایر، کۆماری ئازەربایجان، بێنین، کامێرۆن، ئەندۆنزیا، لوبنان، موزامبیک، پاکستان، تورکیا، سێنێگال، مالی وئێراق بەشدار دەبن.

سەرۆکایەتی لیژنەی کارگێڕیی یەکێتی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لەئەستۆی ئیساکا سیدیبە، سەرۆک پەرلەمانی مالییە.

ئەندامان و بەشدارانی ئەو لیژنە هەروەها لەپەراوێزی ئەو دانیشتنەدا لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران دیدار و وتووێژ دەکەن.

سەرپەیڤ