تشرینی یه‌که‌م 14, 2017 09:33 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی ئێران لە وەڵامدانەوە بە قسەکانی ترەمپ و ڕاگەیاندنی سیاسەتە نوێکان لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی

کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێشەو(هەینی) لەوەڵامدانەوە بە قسەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکاو ڕاگەیاندنی سیاسەتە نوێکان لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی و بەرجام، بەیاننامەیەکی دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەیاننامەیەکدا و لەکاردانەوە بەلێدوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەهەمبەر ئێران و ڕێککەوتنی ناڤۆکی ڕایگەیاند، بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) سەنەدێکی بەنرخی جیهانی و دەسکەوتێکی دەگمەنە لەواری دیپلۆماسیی هاوچەرخدا کە نە دانوستانی دووبارەی بۆ دەکرێ و نەدەشگۆڕدرێ.

لەو بەیاننامەدا هاتووە؛ بەرجام، ڕێککەوتنێکی دوو لایەنە نییە کە بەکشانەوەی لایەنێک بێ بایخ بێ بەڵکوو سەنەدێکە کە وەک بەشێک لە بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە پشت ڕاست کراوەتەوەو بۆیە، نابێ گشت لایەنەکان و کۆمەڵگای جیهانی ڕێگە بدەن سەرۆک کۆماری ئەمریکا گاڵتە بەو ڕێککەوتننامەیە بکا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوبەیاننامەدا جەختی کرد؛ ئێران دەسپێکەری کشانەوە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی نابێ بەڵام بێتوو ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێران لەبەرچاو نەگیردرێ، کۆتایی بەهەموو بەڵێنیەکان دێنێ و بێ هیچ چەشنە بەرتەسکییەک چالاکیی ئاشتیانەی ناڤۆکیی خۆی پێوشوێن دەگرێ.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە؛ باشترە سەرانی نوێی ئەمریکا پەندو ئامۆژگارییەکانی چوار دەیەی ڕابردوو لەبیرنەکەن کە حکومەتەکانی پێش ئەوانیش بە دووپات کردنەوەی هەڵیت و پەڵیتی هاوشێوەیان، خۆیان خستە ڕووبەڕووی گەلی ئێران و ناچار بوون شەرمەزارانە لە قسەکانیان  پاشگەزببنەوە.

لەو بەیاننامەیەدا جەخت لەوە کراوە کە، سەرباری دوژمنکارییەکانی ئەمریکا کە هەڕەشەو بایکۆت دوو تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی بووە، خەڵکی ئێران درێژە دەدا بە ڕەوتی سەربەخۆخوازانەو دادگەرانەی خۆی و کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ بەپاڵپشتی داکۆکییە جەماوەرییەکان و توانا ناوخۆییەکانی، لەوپەڕی دەسەڵات و باڵادەستی دایە.

پاش چەند حەوتەی پڕهەرای میدیایی، کۆشکی سپی دوێنێ هەینی ڕاپۆری ستراتژیای بەناو تۆکمەو نوێی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەبارەی ئێران و بەرجامی بڵاو کردەوەو کاژێرێک دواتر دۆناڵد ترەمپ لەوتاردانەکەی، پەردەیەکی دیکەی لەڕووی لێدوانی دژبەیەک و پڕنەفرەتی لەدژ گەلی ئێرانی لادا.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەتاوانبارکردنی دووبارەی ئێران بە پێشێلکردنی ڕوحی بەرجام و ئاخاوتنی تووڕانەی خۆی لەدژ ئێران وتی: بەرجام، خرابترین ڕێککەوتنی مێژووی ئەمریکایەو هەرکات بەپێویستی بزانێ کۆتایی بەو ڕێککەوتنە دێنێ.

ترەمپ هەروەها باسی بایکۆتە نوێکانی دژ بەئێرانی کرد.

سەرپەیڤ