تشرینی یه‌که‌م 16, 2017 13:09 Asia/Tehran
  • ماکرۆن : لەسەر ئێران لە گەڵ ئەمریکا هاوبۆچوون نین

سەرۆکی فەڕەنسە رۆژی یەکشەممە بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە پاریس لە گەڵ ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوبۆچوون نیە ، رایگەیاند لە کاتی گونجاودا سەردانی ئێران دەکات .

 بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی سەداوسیما ، ئێمانۆئێل ماکرۆن وتیشی: ئەم سەردانە لەسەر بانگێشتنی فەرمیی حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە کاتی گونجاودا ئەنجام دەبێ .

سەرۆکی فەڕەنسە رۆژی هەینیش لە وتووێژی تەلەفۆنی دا لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران بێ لاکردنەوە لە هەڵوێستەکانی تڕەمپ لە دژی ئێران و بەرجام جەختی کردەوە یەکیەتی ئوروپا و فەڕەنسە بەبڕشتانە بەرگری لە بەرجام دەکەن و پێبەندی جێبەجێ کردنی بەرجامن .

ماکرۆن وتیشی پاریس خوازیاری پەرەی پێوەندی لە گەڵ تاران لە هەموو بوارێکدایە .

تڕەمپ شەوی هەینی بێ لاکردنەوە لە هەشت راپۆری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومی کە تیایاندا جەخت کراوە لەسەر پێبەندیی ئێران بە بەرجام ، رایگەیاند پێبەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش پشت ڕاست ناکاتەوە . ئەم هەنگاوە بە ئامانجی هەڵوەشانی ئەم رێککەوتنە نێودوەڵەتیە ئەنجام بوو .

بە هاتنەسەرکاری دۆناڵد تڕەمپ لە ئەمریکا ، واشنگتۆن زیاتر لە جاران بە دوای زەبر وەشاندن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە .

یەکیەتی ئوروپا و زۆر وڵاتی دیکەی جیهان لەوان فەڕەنسە دوای ئەم لێدوانانەی تڕەمپ رایانگەیاند ، وەک رابردوو بەتەواوەتی داکۆکی لە بەرجام دەکەن .

سەرپەیڤ