تشرینی یه‌که‌م 17, 2017 13:35 Asia/Tehran
  • ویلایەتی: بارزانی دەبێ هەڵەکەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە

ئەندامی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئێران بە ئاماژە بە ڕووداو و گۆرانکارییەکانی کەرکووک ئێراق پێی داگرت: "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق دەبێ دان بە هەڵەکانیدا بنێ و قەرەبوویان بکاتەوە.

"عەلی ئەکبەر ویلایەتی" ڕۆژی سێشەممە پاش دیدار لەگەڵ "فرانک ژولە" نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی فەرانسا لە کاروباری سووریا لە کۆڕی هەواڵنێراندا لە تاران وتی: زۆربەی خەڵکی ناوچەی کوردستانی ئێراق نەیاری کردەوە و سیاسەتەکانی "مەسعوود بارزانی"ین هەر بۆیە خەڵکی کورد کەرکووکیان بە بێ هیچ شەڕ و پێکدادانێک رادەستی هێزە دەوڵەتییەکان و هێزە یاساییەکانی ئێراق کرد.

وەلایەتی هەروەها بانگەشەی ئەوەی کە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران  فەرماندەرێتیی ئۆپەراسیۆنی کەرکووکی لە دەستدا بووە، ڕەت کردەوە و وتیشی: دەوڵەتی ئێراق بەهێزە و خەڵکی ئەم وڵاتەیش یەکدەنگ و یەکگرتوون و سوپا و هیزەکانی حەشدی شەعبی لێهاتوویی و بوێری خۆیان بەرامبەر بە داعش سەلماندووە.

"حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق شەوی دووشەممە پاش کۆتایی هاتنی دوادەرفەتی ٧٢ کاژێری کە درابوو بۆ پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە کەرکووک، فەرمانی دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆن بۆ زاڵ بوونی هیزە ئێراقییەکان بە سەر کەرکووک و وەرگرتنەوەی بیرە نەوتەکانی ئەم ناوچەی دەرکرد. هێزە ئێراقییەکان تا ئێستا سەرکەوتنێکی باشیان هەبووە.

"عەلی  ئەکبەر ویلایەتی" ئەندامی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئێران هەروەها بە ڕەخنە لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پارچە پارچە کردنی سووریا ڕایگەیاند: لە کاتێکدا کە دەوڵەتی سووریا هەوڵ دەدات بۆ رزگار کردنی ڕەقە، دەیروزور و ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە لە ژێر داگیرکاریی تیرۆریستاندایە، ئەمریکاییەکان بە دانانی بنکەی سەربازی لەم ناوچانە، هەوڵ دەدەن سووریا پارچە پارچە بکرێت، بەڵام هەروا کە لە ئێراقدا تووشی شکست بوون، لە سووریاش ناتوانن ئەو پلانەیان بە کردەوە جێبە جێ بکەن.

ویلایەتی پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی دەکات لە داخوازەکانی دەوڵەت و گەلانی ئێراق و سوریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم دوو وڵاتە.

سەرپەیڤ