تشرینی یه‌که‌م 18, 2017 08:45 Asia/Tehran
  • باڵوێزی نەرویژ لەتاران: ئۆسلۆ پێبەندە بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی

باڵوێزی نەرویژ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئۆسلۆ داکۆکی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی دەکا، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئێران سەرمایەگوزاریی دەکات.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مێهر؛ لارس نۆردوم رۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند؛ نەرویژ لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا هێزگەیەکی هەتاویی بە توانای بەرهەم هێنانی٢٠٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئێران، سازدەکات.

باڵوێزی نەرویژ لە ئێران باسی ئیمزای گرێبەستی چێکردنی ئەو هێزگەی کرد لەنێوان دوو وڵاتداو وتیشی: ئەو گرێبەستە، دوو و نیو ملیارد یۆرۆ خەرج هەڵدەگرێ.

زۆرێ لە وڵاتانی جیهان بۆ وێنە وڵاتانی ئوروپایی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەدژ ئێران و ڕێککەوتنی ناڤۆکیان ئیدانە کردووەو پێیان داگرتووە لەسەر پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەو پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی هەینی بە دووپات کردنەوەی تۆمەتی پڕووپووچ لەدژ گەلی ئێران، ئیدیعای کرد تاران لە تیرۆریزم داکۆکی دەکاو سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە دەوری سەرەکی دەبینێ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی جێی داکۆکیی واشنگتۆن لە سووریاو ئێراق، خستەنێو پێڕستی بایکۆتە نوێکان.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەروەها بێ گرینگیدان بە هەشت ڕاپۆری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کەتێیاندا پێبەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی جەختی لەسەر کراوە، ڕایگەیاند؛ پێبەندبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش پشت ڕاست ناکاتەوە.ئەو کردەیە بەئامانجی هەڵوەشاندنی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی ئەنجامی گرت.

فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئوروپا و ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە پاش ئەو لێدوانانەی ترەمپ رایانگەیاند؛ وەک ڕابردوو بەتەواوەتی داکۆکی دەکەن لە ئێران و ڕێککەوتنی ناڤۆکی(بەرجام).

 

سەرپەیڤ