تشرینی یه‌که‌م 18, 2017 10:11 Asia/Tehran
  • مۆگرینی: ڕێککەوتنی ناڤۆکی، سەرکەوتنە بۆ جیهان و گەلی ئێران

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا جارێکی دیکە جەختی کرد لەسەر گرینگایەتی ڕێککەوتنی ناڤۆکی(بەرجام) و پێویستیی پاراستنی و وتی: بەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە، هەم جیهان وهەم خەڵکی ئێران سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، فدریکا مۆگرینی دوێنێ سێ شەممە لە ئاڵمان، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و گرووپی پێنج کۆیەکی بەڕێککەوتنێکی"بردنەوە-بردنەوە"ناوبردو وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ڕاپۆرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تائێستا هەموو بەڵێنییەکانی هاوپێوەند بە بەرجامی جێ بەجێ کردووە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئوروپا بەئاماژە بەوەی کە بەرجام(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) هی کۆمەڵگای جیهانییە، وتی: ئەوە ڕێککەوتنێک نییە کە دوولایەنە ئامادەکرابێ و بکرێ گۆڕانی تێدا ئەنجام بدرێ.

ترەمپ شەوی هەینی بێ گرینگیدان بە هەشت ڕاپۆری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە تێیاندا پێبەندبوونی ئێران بە بەرجام جەختی لەسەر کراوە، ڕایگەیاند؛ پێبەندبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی پشت ڕاست نەکردەوە.

پاش ئەو کردەی ترەمپ کە بەئامانجی هەڵوەشانی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ئەنجامی گرت، کۆنگرەی ئەمریکا شەست رۆژ مۆڵەتی دەبێ لەبارەی سەپاندنی دووبارەی ئەو بایکۆتانەی جێ بەجێ کرانیان بەهۆی بەرجامەوە ڕاگیراوە، بڕیار بدات. بێتوو کۆنگرە دەنگ بە گەڕاندنەوەی بایکۆتەکان بدات، ئەمریکا لە بەرجام دەکشێتەوە.

ترەمپ هەردەم بەرجام(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) بە ڕێککەوتنێکی مەترسیدار ناودەبا و خوازیاری هەڵوەشانیەتی، بڕیارێک کە بەرەوڕووی ڕەخنەوگازندەی بەرفراوانی کۆمەڵگای جیهانی بۆ وێنە لایەنەکانی دیکەی بەرجام(بەریتانیا، فەرانسە، ڕووسیا، چین و ئاڵمان) و تەنانەت زۆرێ لە بەرپرسانی  ئەمریکی بووە.

یەکێتیی ئوروپا شەوی هەینی سەرلەنوێ پاش لێدوانەکانی ترەمپ ڕایگەیاند، وەک ڕابردوو بەتەواوەتی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی داکۆکی دەکات.

سەرپەیڤ