تشرینی یه‌که‌م 22, 2017 19:06 Asia/Tehran
  • برووجردی: ئێران بەهیچ جۆر لەبارەی توانای مووشەکی دانوستان ناکات

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی مەجلیسی ئێران وتی: ئێران بەهیچ لەونێک لەسەر توانای مووشەکی و بەرگریی خۆی دانوستان ناکات.

عەلائەدین برووجێردی ئەمڕۆ یەکشەممە لەدیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم، بەئاماژە بە لێدوانی ژمارێک بەرپرسی ئوروپایی لەبارەی توانای مووشەکیی ئێران وتی: ئێران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە پرسی بەرەڤانی، هیچ پەیوەندییەکی نییە بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) و دانوستانی ناڤۆکی و، ئەو بابەتە، جۆرێک هێڵێ سوورە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی مەجلیسی ئێران، بەئاماژە بەوەی کە چەکئامێری بەرەڤانی مافی هەر وڵاتێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەو گوڕەشەی شیمانەیی، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەرەڤانی، توانای مووشەکی وبەرگریی خۆی بەهێزکردووەو لەگەڵ هیچ وڵاتێک و لەهیچ بارودۆخێکدا لەبارەی پرسە مووشەکی و بەرگرییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دانوستان ناکات.

برووجێردی، هەروەها وتی: ئەو وڵاتانەی وابیردەکەنەوە کە دەتوانن بەزەخت وگوشاری سیاسی، بوار بۆ بەرەوڕووبوونەوەی توانای بەرگریی ئێران بڕەخسێنن، زۆر لەهەڵەدان، چونکە پرسی بەرگریی ومووشەکیی ئێران بۆ دانوستان نەبووەو ناشبێت.