تشرینی یه‌که‌م 25, 2017 07:40 Asia/Tehran
  • پاریس: خوازیاری پەرەی پێوەندیی لەگەڵ تارانین، هەمووان پێبەندی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بن

جێگری وەزارەتی ئوروپایی و وەزیری دەرەوەی فەڕانسا، دوێشەو(سێ شەممە) لەگەڵ ئەبولقاسم دۆلفی باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاریس، دیداری کرد و لەسەر پەرەی پێوەندییەکانی دوو وڵات جەختی کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، گۆردۆ مۆنتاین هەروەها بەئاماژە بە پێبەندبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی(بەرجام)، جێ بەجێ کرانی بەتەواوەتی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) ی بە ئەولەویەتی پاریس ناوبرد.

جێگری وەزارەتی ئوروپایی و کاروباری دەرەوەی فەڕانسا ، داوای لەهەموو لایەنەکانی بەرجامیش کرد، پێبەند بن بە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی ناڤۆکیی ئێران.

ئەبولقاسمی دۆلفیش لەو چاوپێکەوتنەدا بەئاماژە بە پێبەندبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرجام، جەختی کرد لەسەر گرینگایەتی دەوری یەکێتی ئوروپاو فەڕانسە بۆ پاراستن و جێ بەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە.

ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسەش لەم دواییەدا لە پەیوەندییە تەلەیفونییە لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بێ گرینگیدان بە هەڵوێستەکانی ترەمپ لەدژ ئێران و ڕێککەوتنی ناڤۆکی(بەرجام)، پێی داگرت: یەکێتیی ئوروپاو فەڕانسا لێبڕاوانە لە بەرجام بەرگریی دەکەن و پێبەندی جێ بەجێ کردنی بەتەواوەتی ئەو ڕێککەوتنەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ٢٣ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ بێ گرینگیدان بە هەشت ڕاپۆری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە تێیاندا پێبەندبوونی ئێران بە بەرجام جەختی لەسەر کراوەو پشت ڕاست کراوەتەوە، ڕایگەیاند، پێبەندبوونی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەوڵی هاوبەش پشت ڕاست ناکاتەوە.

وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئوروپاو وڵاتانی دیکەی جیهان پاش ئەو لێدوانانەی ترەمپ ڕایگەیاند، وەک ڕابردوو بەتەواوەتی داکۆکی لە بەرجام دەکەن.

سەرپەیڤ