ئێران، ڕووسیا و کۆماری ئازەربایجان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان واژۆ و مۆر کرد
کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمارانی ئیسلامیی ئێران، فدراسیۆنی ڕووسیا و کۆماری ئازەربایجان شەوی پێنجشەممە بە مۆر کردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش کۆتایی هات.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش مۆر کردنی ئەم بەیاننامەیە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا و ئازەربایجان، باسی هاتنە دیی ئامانجەکانی یەکەم کۆبوونەوەی سەرانی سێ وڵات لە باکووی کرد و وتی: ئێران، کۆماری ئازەربایجان و ڕووسیا هەوڵ دەدەن دوو بەژی ئەورووپا و ئاسیا لە ڕێگای کۆریدۆری نێودەوڵەتیی باکوور _ باشوورەوە گرێ بدەن بە یەکترییەوە.
لە کۆبوونەوەی باکوودا کە ئاگوستی ٢٠١٦ بەڕێوە چوو، سەرانی سێ وڵات جگە لە پرسی گشتیی ناوچەیی سەبارەت بە سێ پرسی تایبەتی ئابووریش ڕێککەوتن لەوان بواری گواستنەوە و کۆریدۆری باکوور _باشوور، بواری وزە، کارەبا و هاوکاریی نەوت و گاز و هەروەها بواری گۆڕانکاریی لە داڕشتن و بنەما بۆ گەشەپێدانی هاوکاریی ئابووری.
ڕۆحانی بە ئاماژە بە بڕیارە ئابوورییەکانی کۆبوونەوەکانی تارانیش وتی: سێ وڵات هەوڵ دەدەن پێوەندییەکی بانکی باشتریان هەبێ و لە بازرگانیی دوو و سێ لایەنەیاندا پارەی نیشتمانیی بەکار بێنن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە هەر کۆبوونەوەیەکی سێ لایەنە، هەنگاوێکی نوێ بۆ هاوکاری و پێوەندیی زیاتری نێوان تاران، مۆسکۆ و باکوویە، هیوای خواست لە کۆبوونەوەی داهاتوویی سەرانی ئێران، ڕووسیا و کۆماری ئازەربایجان لە مسکۆ هەنگاوی گەورەی زیاتر لە پێناو پەرەپێدرانی پێوەندییەکانی سێ وڵات هەڵگیردرێ.
دووەم کۆبوونەوەی سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا و کۆماری ئازەربایجان ئێوارەی چوارشەممە لە تاران بەڕێوە چوو.
سێهەم کۆبوونەوەی سەرانی ئێران، ڕووسیا و کۆماری ئازەربایجان ساڵی ٢٠١٨ لە ڕووسیا بەڕێوە دەچێ.