تشرینی دووه‌م 12, 2017 20:56 Asia/Tehran
  • ساڵحی: ئەگەر بێتو هەنگاوی هاوبەش جێبەجێ نەکرێت، ئێران لایەنەکانی بەرامبەری تووشی سەرسوڕمان دەکات

سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران، وێڕای پێداگرتن لە سەر بەکەڵک بوونی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش بۆ هەموو لایەنەکان، هیواداریی دەربڕی کە ئەم ڕێککەوتنە بپارێزرێت، چونکو بە پێشێلکرانی،ئێران هەموو لایەنەکانی بەرامبەری تووشی سەرسوڕمان دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران، لە ئاهەنگی پەنجاهەمین ساڵگەڕی چالاکیی ڕێئاکتۆری توێژینەوەی تاران، وتی: بە سەرنجدانی ئەوەی کە لە پرسی دانوستانی ناڤۆکی دا بۆی هەبوو لایەنی بەرامبەر پەیمانەکەی بشکێنێ، ئێرانیش پێش بینیی پێویستی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەنگاوی هاوبەش ڕەچاو کرد، چونکو بە خۆش خەیاڵییەوە بەشداریی دانوستانەکانی نەکرد بوو.

عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران وتیشی: هەنگاوی هاوبەش بۆ ئێران، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و پتەو کردنەوەی بنج و بناوانی پەیمانی قەدەغەی پەرە پێ دانی چەک و چۆڵی ناڤۆکی  (ئێن پی تی ) گرینگە.

ناوبراو ، پیشەسازیی ناڤۆکیی بە هەڵگری کارایی زۆر لە بواری کشت و کاڵ، پیشەسازیی و تەندروستی دا زانی و وتیشی: بابەتی پەیماننامەی دروست کردنی نەخۆشخانەی ناڤۆکی لە ئێران لەگەڵ وڵاتی نەمسا هەروا بەردەوامەو بەم زووانە نەخۆشخانەیەکی مۆدێڕن لە ڕۆژئاوای ئاسیا و لە ئێران دا چێ دەکرێت.

عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران هەروەها وتیشی: دوو هێزگەی ناڤۆکی بە سەرمایەیەکی دە ملیارد دۆلاری لە ئێران دا چێ دەکرێت.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە چووەتە واری جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی پێنج کۆ یەک بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنەدا تەگەرە دەنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی وەک ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسفکردووەو داوای تێکدانی دەکات، کەچی دنیا نەیاری ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

 

 

 

سەرپەیڤ