تشرینی دووه‌م 14, 2017 15:54 Asia/Tehran
  • رۆحانی: دەوڵەتی ئێران لەتەنیشت خەڵکی لێقەوماو و زیاندیتووی بوومەلەرزە دەبێ

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو ئاپۆرەی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی شاری سەرپێڵی زەهاو لەپارێزگای کرماشان لەڕۆژاوای ئێران پێی داگرت: دەوڵەت، خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو بەتەنیا جێ ناهێڵێ و وەک خزمەتگوزار لەتەنیشت خەڵکدا دەبێ.

زەمین لەرزەیەکی ٧.٣ ریشتەریی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە ڕۆژاوای ئێرانی هەکاند، تائێستا بەهۆی ئەو بوومەلەرزەوە ٤٣٠ کەس گیانیان لەدەست داوەو نزیک بە حەوت هەزار و٤٠٠ کەس بریندار بوون.

حەسەن رۆحانی ئەمڕۆ سێ شەممە لەنێو ئاپۆرەی جەماوەری شاری سەرپێڵی زەهاو وێڕای سەرەخۆشی لەو خێزانانەی کەس وکار و ئازیزانیان لەڕووداوی بوومەلەرزە لەدەست داوەو ئاواتی شیفا و چاکبوونەوەی خێرا بۆ بەرکەوتووان و زیاندیتووان، وتی: دەوڵەت بۆ بنیات نانەوەی ماڵ و خانووبەرەکان و یارمەتیدانی کەسانی لێقەوماو و کەسانێک کە ماڵەکانیان لەو ڕووداوەدا لەشار و یان لەگوند خەساریان وێکەوتووە، یارمەتی بێ دانەوە و قەرزی درێژماوە دەبەخشێت.

سەرۆک کۆماری ئێران، وێڕای ڕێزگرتن لە خەڵکی پارێزگای کرماشان، سەرانسەری ئێران، هێزە فریاگوزارەکان وهێزە چەکدارەکان بۆ یارمەتی گەیاندن بە بەرکەوتووانی بوومەلەرزە، وتی: دەوڵەت هەموو ئیمکاناتی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی خێرای بارگرانی و کێشەکانی جەماوەر.

ناوبراو بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ڕەوتی فریاگوزاری و قەرەبووی خەسار و زیان وێکەوتنی خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو پێوشوێن دەگرێ، وتی: نەخۆشخانەکانی تاران، کرماشان و پارێزگاکانی دیکە بۆ خستنەڕووی خزمەت و ڕاژەکاریی پزشکی خێرا بە لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە تاڵ و دڵتەزێنە، ئەوپەڕی تواناو هەوڵیان خستووەتەگەڕ.

سەرپەیڤ