تشرینی دووه‌م 17, 2017 19:46 Asia/Tehran
  • سەرتیپ ئیسماعیلی: ئەرتەش و سپا لێک جیا نین

فەرماندەری ناوەندی بەرگریی ئاسمانیی خاتەمولئەنبیا(ص) ی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە دوژمن لەهەوڵی جیاکردنەوەی ئەرتەش و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەیەکترە، جەختی کرد؛ ئەرتەش و سپای پاسداران لێک جیانین.

سەرتیپ فەرزاد ئیسماعیلی شەوی پێنج شەممە لەپارێزگای گیلان(باکووری ئێران) ئاماژەی کردە بایکۆتەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لەدژ سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و وتی: دوژمن بە بایکۆت ناتوانێ سپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران لەیەک جیا بکاتەوە.

فەرماندەری ناوەندی بەرگریی ئاسمانیی خاتەمولئەنبیا(ص) ی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێرانییەکان هەموویان، بەسیجی، سپاهی و ئەرتەشین، وتی: دوژمن توانای بەرەوڕووبوونەوەی هێزە سەربازییەکانی ئێرانی نییە.

سەرلەشکر سەید عەبدوڕەحیم موسەوی فەرماندەری گشتیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەم دواییەدا پێی داگرت: "بەڵێنی دەدەین ئەرتەشی ئێران دەست لەدەست سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بەرنەدا، هەتا بناغەکانی رژیمی زاڵێتی خواز تێک بڕووخێ و تەمەنی رژیمی زایۆنیستی هەرچی زووتر کۆتایی پێ بێ."

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەینی١٣ی ئۆکتۆبر بەدووپات کردنەوەی تۆمەتی پڕووپووچ لەدژ گەلی ئێران، ئیدیعای داکۆکی تاران لە تیرۆریزمی هێنایەئاراوەو سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە دەوری بنەڕەتی دەبینێ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی جێی داکۆکیی واشنگتۆن لە سووریاو ئێراق، خستەنێو پێڕستی بایکۆتە نوێکان.

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تەکفیری-تیرۆریستییەکان لە ئێراق و سووریا لەسەر داوای فەرمیی ئەو وڵاتانە، یارمەتی ڕاوێژکارییانە دەدا، هەوڵێک کە قەت بەدڵی ترەمپ نییە.