تشرینی دووه‌م 18, 2017 13:15 Asia/Tehran
  • تاران میوانداری دانیشتنی سێ قۆڵیی ڕەوتی دانوستانەکانی ئاستانە

پاش حەوتەیەک دانوستانی چڕوپڕ و ڕاوێژکاریی یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لە مۆسکۆ، دەمشق و ئانکارا، تاران ئەمڕۆ شەممە میوانداری دانوستانی سێ قۆڵیی ئاستانە لەبارەی سووریایە.

حوسین جابری ئەنساری لەدوا قۆناخی ڕاوێژکارییەکانی لەبارەی سووریا دوێنێ هەینی لەئانکارا لەگەڵ ئومید یالچین جێگری وەزیری دەرەوەو سەدات ئونال یاریدەری ناوچەیی وەزیری دەرەوەی تورکیا دیدار و لەبارەی دواگۆڕانکارییەکانی سووریاو دانوستانەکانی رەوتی ئاستانە وتووێژ و ڕاوێژی کرد.

سەفەری یاریدەری عەرەبی و ئەفریقایی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئانکارا پاش ڕاوێژکارییەکانی لە مۆسکۆ و دەمشق لەبارەی قەیرانی سووریا و دوا گۆڕانکارییەکانی ڕەوتی ئاستانە ئەنجامی گرتووە.

بڕیارە، کۆبوونەوەی کارناسانی باڵای ئێران، تورکیاو ڕووسیا وەک سێ وڵاتی گەرەنتیکاری رەوتی دانوستانەکانی ئاستانە ئەمڕۆ شەممە(١٨ی نۆڤمبەر) لەتاران، بەڕێوە بچێ.

دانیشتنی پێوشوێن گرتنی ڕەوتی دانوستانەکانی ئاستانە هەروەها بڕیارە لەئاستی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، تورکیاو ڕووسیا رۆژی یەکشەممە١٩ی نۆڤمبەر لەئانتالای تورکیاو کۆبوونەوەی سەرانی ئەو سێ وڵاتە رۆژی چوارشەممە٢٢ی نۆڤمبەر لەسوچی ڕووسیا بەڕێوە بچێ.

ڕەوتی ئاستانە لەسەر دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیاو تورکیا بەئامانجی چارەسەریی سیاسیی قەیرانی سووریا پێکهاتووەو تائێستا حەوت خول لەدانوستانی سووری-سووری لەئاستانە،ی پایتەختی قەزاقستان بەڕێوە چووە.

"ڕەوتی ئاستانە" کارتێکەرترین ڕەوت لەچارەسەریی قەیرانی سووریا بووە کە بەدەر لە ئیرادەی حکومەتی ئەمریکا سەری گرتووە و هەروا دانیشتنەکانی بەڕێوە دەچێ.

سەرکەوتنی بەدوای یەک لە شەڕی دژ بەتیرۆریزم و گەڕاندنەوەی هێمنایەتی، نەک هەر سەرکەوتن بۆ گەلی ئێراق و سووریا بووە بەڵکوو سەرکەوتنی هەموو ئەو گەلانەیە کە لەهەوڵی چەسپاندنی هێمنی و ئارامی لەناوچەدان.

لەو ئاراستەدا، دەسپێشخەریی تاران ، مۆسکۆ و ئانکارا باش توانیویەتی دوو ئامانجی ستراتژیک واتە شەڕ لەگەڵ تیرۆریزمی داعش و هاوکات بوارخۆشکردن بۆ وتووێژەکانی سووری-سووری بۆ دەسڕاگەیشتن بەڕێگاچارەی سیاسی بباتەپێش. ئەو دوو ڕەوتە لە قۆناخە جیاجیاکانی حەوت خولی دانوستانەکانی ئاستانە، شێلگیرانە پێوشوێن گیراو کارتێکەرییە ئەرێنییەکانی بەتەواوەتی هەست پێ دەکرێ. یاریدەری عەرەبی و ئەفریقایی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتوویەتی؛ کۆبوونەوەکانی ئاستانە هەتا کاتی گەڕانەوەی ئاشتی، سەقام و هێمنی بۆ سووریا بەردەوام دەکرێ.

کێنستانتین تروریتسۆف کارناسی ڕووسی کاروباری وڵاتانی عەرەب و شرۆڤەکاری ناوەندی ڕۆژهەڵات ناسیی ڕووسیا لەدیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی فەرمیی کوەیت لەبارەی گرینگایەتی دانوستانەکانی ئاستانە دەڵێ: "ئامانج لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ئاستانە، سەلماندی سەرکەوتنی سەربازیی سووریا لەگۆڕەپانی شەڕی دژ بەتیرۆریزم بۆ لایەنگەلی دیاریکراوی وەک ئەمریکایەو دەتوانێ وەک باسکێکی یارمەتی بۆ دانوستانەکانی ژنێڤ بێتەئەژمار."

ئەو دەسکەوتانە چاوەڕوانی لە خولی هەشتەمی دانوستانەکانی ئاستانەی بردۆتەسەر و بەڕێوەچوونی ئەو خولەی دانوستانەکان، گرینگایەتی دووهێندەی پەیدا کردووە.