تشرینی دووه‌م 20, 2017 12:35 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: بەرپرسان هەوڵەکانیان لە ناوچە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکان زیاتر بکەن

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتی سەردانی ناوچە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکانی سەرپێڵی زەهاوو کرماشان لە ڕۆژئاوای ئێران پێی داگرت: بەرپرسان هەوڵەکانی خۆیان زیاتر بکەن، بەم ڕادەیە ڕازی نابین.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: بەرپرسان بە تایبەت لە بڕێک شوێن دا لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم کارەساتەدا بە ڕاستی باش جوڵانەوەو هەوڵێکی زۆریان داو هەر لە هەمان کاژێرەکانی سەرەتای ڕووداوەکەوە، ئەرتەش لە نێو شارەکان و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیش لە گوندەکاندا بە ئامادە بوونی کاریگەری خۆیان بە هانای خەڵکی لێقەوماوەوە چوون، بەڵام من بەم ڕادەیە ڕازی نیم و بەرپرسانی کەرتە جۆربەجۆرەکان دەبێ هەوڵ و خەباتی خۆیان بکەن بە دوو هێندە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕوو لە جەماوەر وتی: زۆر حەزم دەکرد لە سەردەمی شادبوونی دڵتان و لەو پەڕی گەشاوەیی ژیانتاندا سەردانی  شاری ئێوەی دلۆڤان و ئەمەگدارم  کردبا نەک لە هەل و مەرجێکدا کە تووشی پەژارەو کارەسات و وەها چورتمێکی دڵتەزێن هاتوون.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە خۆڕاگری و لەخۆبردوویی و ڕاوەستاویی جەماوەری پارێزگای کرماشان لە سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز، ئەوەشی ڕاگەیاند کە: ئەمە یەکەمجار نییە کە شاری ئێوەی پشوودرێژو دلۆڤان و شارەکانی گردوپەڕی تووشی وەها گرفتێک دەبێت، بەڵکو ئێوە لە سەردەمی شەڕی داسەپاویش دا پتەوو خۆڕاگر، ئەو پەڕی ئازایەتی و خۆڕاگری و پاڵەوانەتیتان لە بەرامبەر مەینەتی و چەرمەسەری دا لەخۆ پیشان دا.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتیشی: مرۆڤە گەورەو دلێرەکان لە بەرامبەر کارەساتەکان خۆڕاگری دەنوێنن و کارەساتەکە بە چۆک دا دێنن. هەر بۆیە گخەرچی بوومەلەرزە بەڵام چورتمێکی گەورەیە کە بە کاولکاری هەمووان  داخدارو خەفەتبار دەکات، بەڵام هەر ئەم بوومەلەرزەیەش لە ئەنجامی خۆڕاگرتنی خەڵک و هەوڵدانیان بۆ بووژاندنەوەو بنیات نانەوە دەتوانێ ببێ بە نیعمەت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئەم ڕووداوە گەلی ئێرانی خستە جم و جوڵ و خەڵک لە تەواوی ناوچەکانی وڵات بەو هەستەی کە دڵیان لە کرماشاندایەو قەرزاری کرماشانن، بە قەدەر توانایی و لێهاتن ئەرکی یارمەتی دان و فریاگوزاریی خۆیانیان بەجێ هێنا.

بەرنامەی سەردانەکەی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ بڕێک لە ناوچە زیانوێکەوتووەکانی سەرپێڵی زەهاو هەروا بەردەوامە.