تشرینی دووه‌م 24, 2017 07:59 Asia/Tehran
  • دەرکرانی بەیاننامەی کۆبوونەوەی جیهانی ئەڤیندارانی ئالوبەیت

بەشدار بووانی کۆبوونەوەی جیهانیی ئەڤیندارانی بنەماڵەی پاکی پێغەمبەر (د.خ) و مەسەلەی تەکفیرییەکان لە تاران لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی خۆیدا بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی ١٠ بڕگەیی، جەختیان کرد لە سەر گرینگایەتیی مەسەلەی فەلەستین و ڕزگار کرانی قودسی شەریف.

شەوی هەینی لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی جیهانیی ئەڤیندارانی بنەماڵەی پاکی پێغەمبەر (د.خ) و مەسەلەی تەکفیرییەکان لە تاران ، پێداگری کرا لە سەر گرینگایەتیی مەسەلەی فەلەستین و پێویستیی رزگار کرانی و هەروەها داکۆکیی لە هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرەی خۆراگریی بوونی ئێران.

لەم بەیاننامەیەدا  هاتووە کە لە قۆناغێ هەنووکەدا کە جیهانی ئیسلام لە زیاتر لە هەر کات و ساتی دیکە بە  هۆی فیتنە و ئاژاوە نانەوەی دەوڵەتانی زاڵم و زۆردار، ژمارێک حاکمی کۆنەپەرست  و گرووپە دواکەوتووە تەکفیرییەکان تووشی دووبەرەکی، شەڕ و کێشەی هۆزی، ئەتنی و تایفی بۆتەوە، ناسین و بڵاو کردنەوەی بنەما و بەهاکانی ئیسلامی ڕەسەنی محەممەدی (ص) و سەر لە نوێ پێداچوونەوە بە سەر سیرەی پێغەمبەری ڕەحمەت و دلۆڤانی چ لە بواری هزرییەوە و چ لە بواری کردەوەوە، تەواو پێویستە.

بە پێی ئەم بەیاننامەیە ، ئیسلامی ڕەسەنی محەممەدی ئیسلامی قورئان و ئالوبەیت (د.خ) لە سەر بنەمای مەعنەوییەت، جەهاد و شەهادەت، دادوەری ، سەربەستی و ئاوەزمەندیە و دەبێتە هۆی سەر بەرزیی  ئۆمەتی ئیسلامی دژ بە زوڵم و زۆر، پشتیوانی ئارمانجی فەلەستینە، دژ بە سیاسەتی پاوانخوازان ڕاودەوەستێ و پاڵپشتی هەژاران و چەوساوەکان دەبێ، بەڵام ئیسلامی ئەمریکایی، ئیسلامی پاوانخوازانی دواکەتووو و کۆنەپەرست، ئامرازی دەستی زلهێزانی زاڵمە بۆ هێنانەدیی ئامانجە شەیتانییەکانی خۆیان ، هەروەها قازانج و بەرژەونەدییەکانی ڕژێمی زایۆنی دابین  دەکات و خەیانەت بە ئارمانجی فەلەستین دەکات.

بەشداربوان لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی جیهانیی ئەڤیندارانی بنەماڵەی پاکی پێغەمبەر (د.خ) لە تاران ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند: فەلەستین و ئازاد کرانی قورسی شەریف لە ژێر چنگی زایۆنییەکان ئێستایش هەر سەرەکیترین و یەکەم پرسی گرینگی جیهانی ئیسلامی؛ و مەسەلەی تەکفیرییەکان و وەڕێ خستنی شەڕی بریکارانە، لەو هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئارمانجەی فەلەستین بکەوێتە پەراوێزەوە و لەم ژانە کۆن و هاوبەشی ئۆمەتی ئیسلامی خافڵ بین.

ئەم بەیاننامەیە بە ئاماژە بە سەدەمین ساڵڕۆژی دەرکرانی بەیاننامەی جێی شەرمەزاریی بالفۆر کە پارچە پارچە کرانی وڵاتانی ئیسلامی و بنچینە دانرانی لوی شێرپەنجەیی لە دڵی وڵاتانی ئیسلامی بە دواوە بوو، دەڵێ: ئێمە بە ڕاگەیاندنی داکۆکیی هەمەلایەنەمان لە خۆڕاگری ئیسلامی سوور و پێداگریشین لە سەر پێویستیی ئازاد کرانی هەموو ناوچەکانی فەلەستینی داگیرکراو هەر لە" نەهرەوە هەتا بەحر" و نەیاری هەرچەشنە سازش و راهاتن لەگەل ڕژێمی زایۆنین و خوازیاری ئەوەین ئۆمەتی ئیسلامی گەلێک وشیارتر بجوڵێتەوە.

کۆبوونەوەی جیهانیی ئەڤیندارانی بنەماڵەی پاکی پێغەمبەر (د.خ) و مەسەلەی تەکفیرییەکان بە بەشداریی زیاتر لە ٨٠٠ زانای ئایینی، مامۆستا و فەقێ، بیرمەند و بلیمەتی ئایین و ئایینزا  ئیسلامییەکان لە ٩٤ وڵاتەوە بە پێی بانگهێشتی کۆڕی جیهانیی ڕابوونی ئیسلامی، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ٢٢ و ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧ لە تاران بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ