تشرینی دووه‌م 24, 2017 17:22 Asia/Tehran
  • لاریجانی: ئێران و تورکیا بەرەوڕووی کایەکردنی ئەمریکا لەناوچەدا ببنەوە

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: ئێران وتورکیا دەبێ وڵاتانی ناوچە لەمەڕ کایەکردنەکانی ئەمریکا لەبواری گرێدانی گرێبەستە سەربازییەکان و بەتاڵان بردنی پارەی نەتەوەکانی ناوچە، ئاگادار بکەنەوە.

عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە پەراوێزی دەیەمین کۆگەی پەرلەمانە ئاسیاییەکان لە ئەستەمووڵ، لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی ئانادۆلۆی تورکیا بەئاماژە بەوەی کە کردەکانی ئەمریکا لەناوچەی ئاسیا بووەتە هۆی سەرقاڵکردنی وڵاتان بەیەکتری، وتی: وڵاتانی گرینگی ناوچە لەوان ئێران وتورکیا دەبێ پیلانەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ناوچە ڕوون بکەنەوە.

لاریجانی وتیشی: ئەمریکییەکان، رۆژێک تالیبان و دواڕۆژ داعش دروست دەکەن کە ئەوەش دەبێتە هۆ تاکوو سەرچاوەی وڵاتان لەبەین بچێ و رژیمی زایۆنیستی بێ هیچ باجدانێک لەو بارودۆخە سوود وەربگرێ.

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان پاش لەناوچوونی داعش لە ئێراق و سووریا، ڕوویان کردۆتە لوبنان، وتی: کۆگەی پەرلەمانە ئاسیاییەکان دەتوانێ دەورێکی گرینگ ببینێ لە هێنانەدی ئاشتی و ئاسایش لەناوچەدا.

لاریجانی هەروەها بەئاماژە بە هاوکاریی شیاوی تاران وئانکارا ، گشت وڵاتانی ڕاسپارد، پرسەکانیان لەجیاتی هەرانانەوە، لەڕێی وتووێژەوە چارەسەر بکەن.

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ئاماژەشی کردە بەڕێوەچوونی دانیشتنی سووچیی ڕووسیا و وتی: ئێران، تورکیاو ڕووسیا نەک هەر لە پڕووپاگەندەدا بەڵکوو بەکردەوە بەرەنگاری تیرۆریزم بوونەوە.

دانیشتنی سێ قۆڵیی سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیاو تورکیا بەئامانجی تاووتوێی دۆخی سووریاو هێنانەدی ڕێکارێک بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی ئەو وڵاتە ڕۆژی چوارشەممە لە سووچی ڕووسیا بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ