تشرینی دووه‌م 26, 2017 13:06 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی ئێران لە هەڵوێستی دووفاقیی ڕۆژاوای بەرامبەر بە مەسەلەی مافی مرۆڤ

بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی سەر بە دەزگەی دادی ئێران، ڕەخنەی توندی گرت لە داسەپێندرانی بایکۆت بە سەر هەندێ کەس لە ئێراندا بە بیانووی مافی مرۆڤ.

"محەممەد جەواد لاریجانی" ڕۆژی شەممە لە دیداری "یانووش لێڤاندۆڤسکی" Janusz Lewandowski‏ ‏ سەرۆکی گرووپی پێوەندی لەگەڵ ئێران لە پەرلەمانی ئەورووپا لە تاراندا وتی: دەسکەوتەکانی دیموکراسی لە بواری جۆربەجۆری تەکنۆلۆژیا و زانست بۆتە هۆی ئەوەی ئێران لە هەموو ناوچەکدا پێشەنگ بێ و ئەورووپا دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرنجدانی ئەم ئەزموونە و دەسکەوتە سەرکەوتووەکانی هەڵسەنگێنێ.

بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی سەر بە دەزگەی دادی ئێران، هەروەها بە ڕەخنەی توند لە جەنایەتەکانی عەرەبستانی سەعوودی لە یەمەن و بێدەنگە کردنی وڵاتانی ڕۆژاوایی وتی: عەرەبستان هەزاران ژن و منداڵی بێ تاوان لە یەمەندا لە خاک و خوێن گەوزاندووە ، بەڵام ناوی ئەم وڵاتە وەکوو گەورەترین بنپێکەری مافی مرۆڤ لەبەر ئەوەی کە پێوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەورووپا هەیە، نەخراوەتە نێو لیستی بنپێکەرانی مافی مرۆڤ.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەورووپا بەرامبەر بە بنپێکرانی مافی مرۆڤ لە یەمەن، بەحرەین و عەرەبستان تەنیا کارێک کە دەیکات دەرکردنی بەیاننامەیە ، راشکاوانە ڕایشیگەیاند: هەڵوێست نواندنی ڕۆژاوا سەبارەت بە مەسەلەی مافی مرۆڤ، بەرگری لە  مافی مرۆڤ نییە لەبەر ئەوەی کە هەڵوێستەکانی ڕۆژاوا لەم بارەوە لەگەل یەک نایەنەوە و پڕ پارادۆکسن.

لاریجانی هەروەها ڕایگەیاند: بە سەرنج دانی سیاسەتی دووفاقیی ڕۆژاوای بەرامبەر بە مەسەلەی مافی مرۆڤ، ئێران هەر لە بنەڕەتدا متمانەی بە نیازپاکیی ئەورووپا نییە و هەڵوێستەکانی بە سیاسیی هەڵدەسەنگێنێ.

"یانووش لێڤاندۆڤسکی" Janusz Lewandowski‏ ‏ سەرۆکی گرووپی پێوەندی لەگەڵ ئێران لە پەرلەمانی ئەورووپایش لەم دیدارەدا بوونی ناکۆکی  لە بیر و هزر و یەک نەبوونی بۆچونەکان لە بواری مافی مرۆڤی بە مەسەلەیەکی زۆر ئاسایی زانی و ڕایگەیاند کە داکۆکییەکی تۆکمە و تەواو دەکات لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ( ڕێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک).

 

سەرپەیڤ