کانونی یه‌که‌م 13, 2017 22:01 Asia/Tehran
  • زەریف: جیهانی ئیسلام لە تەنیشتی فەلەستینییەکاندا دەمێنێتەوە

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە بەرپاکرانی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی هاوکاریی ئیسلامی لە ئەستەموڵ پێی داگرت:تەواوی جیهانی ئیسلام لە تەنیشتی فەلەستینییەکاندا دەمێننەوە.

کۆبوونەوەی لوتکەیی سەرکردەو بەرپرسانی باڵای 57 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەی هاوکاریی ئیسلامی ڕۆژی چوار شەممە بە ئامادە بوونی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە ئەستەموڵی تورکیا بەڕێوە چوو.

سەرکردەکانی وڵاتانی بەشداری  کۆبوونەوەی لوتکەیی ڕێکخراوەی هاوکاریی ئیسلامی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای پێداگرتن لە سەر پشتیوانی کردن لە ئارمانجەکانی جەماوەری فەلەستین ڕایانگەیاند: ئەمریکا بەرپرسی شوێنهاتەکانی بڕیاری ناساندنی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونییە.

موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە توییتێڕدا نووسیویەتی: تەواوی جیهانی ئیسلام بۆ هاوپشتی نواندن لەگەڵ جەماوەری فەلەستین مکوڕەو خەڵات بەخشینی ترەمپ لە شتێک کە هی خۆی نییەو بە کەسانێک کە شیاوی نین بە ڕەت کراوە دەزانێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئامادە بوونی بەربڵاوی سەرۆکان لە کۆبوونەوەی لوتکەیی ڕێکخراوەی هاوکاریی ئیسلامی لە ئەستەموڵ، بێجگە لە چەند سەرۆکێک کە خۆیانیان لێ دزیوەتەوە، زۆریش جێگای دڵگەرمییە.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا  شەشەمی دیسامبەری 2017 سەرباری دژایەتییە بەربڵاوە ناوچەیی و جیهانیەکان ڕایگەیاند: بەیتولموقەددەس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی بە فەرمی دەناسێت و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە بەستێن بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ بەیتولموقەددەس خۆش کاتئەم کارەی ترەمپ لەگەڵ کاردانەوەی جیهانی و ئیدانەکرانی لە لایەن وڵاتانی ئیسلامییەوە بەرەوڕوو بووەتەوە  .

کردەوەی یەک لایەنەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا  دژی قودس شەپۆلی ئیدانەکردن و ناڕەزامەندیی جەماوەریی لە جیهانی ئیسلام ، ئەورووپاو تەنانەت لەنێوخۆی ئەمریکاش هەڵایساندووە. بەیتولموقەددەس کە مزگەوتی ئەقسا یەکەم ڕووگەی موسڵمانانی لە خۆی دا جێ کردووەتەوە، بەشێکی دانەبڕاوەی فەلەستین و یەکێک لەو سێ پیرۆزگە ئیسلامییانە دێتە ئەژمارو لای موسڵمانان جێ و شوێنێکی گرینگ و تایبەتیی هەیە .

 

 

سەرپەیڤ