کانونی یه‌که‌م 15, 2017 10:24 Asia/Tehran
  • دەریادار فەدەوی: ئێران سەتی سەت دەسەڵاتداری ئاوەکانی دەڤەری خۆیەتی

فەرماندەری هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئێران دەسەڵاتێکی سەتی سەتی هەیە بە سەر ئاوەکانی دەڤەری خۆی، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەم خاوەنێتی و دەسەڵاتدارێتییە بە پێی یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکانە.

سەردار دەریادار "عەلی فەدەوی" رۆژی پێنجشەممە لە پەراوێزی سەردان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازیی دەریایی و دەریاڤانیی ئێران لە دوورگەی کیش (باشووری ئێران) رایگەیاند: دوژمنانی ئێرانی ئیسلامی بەتایبەت ئەمریکاییەکان لە تواناکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری ئاسایشیی دەریایی تەواو ئاگادارن.

فەرماندەری هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران  ئامادەیە لە بواری دابین کردنی ئاسایشی دەریاییەوە یارمەتیی وڵاتانی ناوچە بدات.

نۆزدەهەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازیی دەریایی و دەریاڤانیی ئێران کە بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٠٠ کۆمانیای ناوخۆیی و ٦٠ کۆمپانیای بیانی لە وڵاتانی جۆر بەجۆرەوە لەوان هۆڵندا، ئەڵمان، نەرویژ، ئیتالیا، تورکیا، چین، ئیسپانیا، فەنلاند، فەرانسا، ئیمارات، هیندستان، مالیزیا، یونان، دەنیمارک و کۆریای باشوور شەوی چوارشەممە لە دوورگەی کیش بەرپا کراوە، ئەمشەو پێنجشەممە کۆتایی دێ.