کانونی یه‌که‌م 16, 2017 16:16 Asia/Tehran
  • زەریف: تۆمەت پاڵدانەکانی ئەمریکا لە ئێران، پڕووپووچ و بێ بنەمایە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: ئەمریکا بۆ شاردنەوەی تاوانکارییە جەنگییەکانی لەناوچەدا بەپێشاندانی کوتە ئاسنێک، تۆمەت و بوختانە پڕووپووچەکانی لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی هێنایە ئاراوە.

نوێنەری ئەمریکا لەڕێکخراوی نەتەوەکان رۆژی پێنج شەممە بەئامادەبوون لەبەردەم  ئەو کوتە ئاسنانەی ئیدیعای دەکرد کە لاشەی مووشەکە ئێرانییەکانە، چەواشەکارییەکی نوێی لەدژ ئێران هێنایە ئاراوە.

نیکی هەیلی بێ ئاماژە بە داکۆکییە لۆجستیکی لەڕادەبەدەری واشنگتۆن لە عەرەبستان بۆ بۆردومانی خەڵکی ستەملێکراوی یەمەن، ئێرانی تۆمەتبار کرد بە پڕچەک کردنی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ هێرش کردنی مووشەکیی سەر ڕیاز.

فەرحان حەق یاریدەری وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوەکان ئەو ئیدیعایەی هەیلی ڕەت کردۆتەوە.

محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە لەپەراوێزی کۆبوونەوەی پسپۆریی دەنگدانەوەی یاساوڕێسای هاوپێوەند بە مافی مرۆڤ لەنێو یاساوڕێسای سزادانی ئێران لەتاران، بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ئیدیعاکانی نیکی هەیلی هیچ سەنەدو بەڵگەیەکیان لەپشت نەبوو، وتی: فڕۆکە جەنگییەکان و ئەو بۆمبانەی خەڵکی یەمەن خەڵتانی خاک وخوێن دەکەن، هەمووی هی ئەمریکایە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ئاماژەی کردە کردەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بەڕەسمییەت ناسینی قودس وەک پایتەختی رژیمی زایۆنیستی و وتی: ئەو کردەیەی ترەمپ ڕەت کردنەوەی گست ئیدیعاو بانگەشەکانی ئەمریکا لەمەڕ داکۆکی کردنی لە مافەکانی گەلی فەلەستین بوو.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەشەمی دیسەمبەری٢٠١٧ قودسی وەک پایتەختی رژیمی زایۆنیستی ڕاگەیاند، کردەیەک کە لەگەڵ نەیارەتی و کاردانەوەی بەرفراوانی جەماوەری، سەرانی وڵاتان و کۆمەڵگا جیهانییەکان بەرەوڕوو بوو. بەیتولموقەدەس لەساڵی١٩٦٧وە لەلایەن رژیمی ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.

شاری قودس کە مزگەوتی ئەقسا یەکەم ڕووگەی موسڵمانانی لەخۆگرتووە، بەشی جیانەکراوەی فەلەستینەو یەک لە سێ پیرۆزگەی گرینی جیهانی ئیسلام دێتەئەژمار و پلەو پێگەیەکی تایبەتی لای موسڵمانان هەیە.

سەرپەیڤ