رۆحانی: دوژمنان تووڕەن لە سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی ئێران
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: سەرکەوتنەکانی گەلی ئێران لەبواری جیاجیای ئابووری، سیاسی و ناوچەیی، دوژمنانی تووڕە کردووە.
حەسەن ڕۆحانی ئەمڕۆ دووشەممە لە دانیشتنی لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنە پسپۆرییەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی کردە ناڕەزایەتی دەربڕین و گردبوونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ژمارێک ناوچەی ئێران و وتی: ڕەخنەوگازندە و نارەزایەتی دەربڕینی جەماوەر، دەرفەتێکە نەک هەڕەشەو مەترسی، گەلی ئێران خۆیان وەڵامی پێشێلکارانی یاساو ئاژاوەگێڕان دەدەنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارێک لە خەڵکی چەند شارێکی ئێران، بەسازدانی گردبوونەوەو کۆڕی ناڕەزایەتی دەربڕین و بەدانی دروشم، ناڕەزایەتییان دەربڕی بە نادیاربوونی چارەنووسی زیان وێکەوتووانی دامەزراوە دراڤییەکان وپرسی گرانیی بڕێک کاڵاو شتومەک و لاوازبوونی ئاستی چاودێریی دەوڵەت کە هەندێ لەو ناڕەزایەتی دەربڕینانە، لەلایەن کەسانی هەلخواز و ئاژاوەچی، شێواو و ئاڵۆزکاو بوو.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: سەرکەوتنی سیاسیی گەلی ئێران لە جیهاندا بۆ وێنە لەپرسی جێ بەجێ کرانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(ڕێککەوتنی ناڤۆکی)، سەرکەوتن لە بەرەوڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆریزم و شکست هێنانی ئەمریکا لە سەپاندنی گەمارۆ و بایکۆتەکان لەدژ ئێران، لە هۆوهەگەری زەقی دوژمنایەتیی ئەمریکاو ژمارێک وڵاتی داگیرکەری ناوچە، لەدژ گەلی ئێران وبوە.
رۆحانی، ئاماژەی کردە شکست هێنانی ئەمریکا لەمەڕ پرسی بەرجام و وتی: جگە لە یەک دوو وڵات و رژیمێکی جێ نەفرەتی داگیرکەر، لەپرسی پێشێلکرانی بەرجام، داکۆکییان لە ئەمریکا نەکردو هەمووی جیهان لەهەمبەر ئەو وڵاتەدا ڕاوەستا.
ناوبراو وتیشی: ئێران ئێستا لە هێنانەدی سەقام و ئاسایش بۆ ناوچەو لەناوبردنی تیرۆریزم، داهاتووی سووریا، سەقامی زیاتری عێراق و لوبنان و بەرەڤانی لە مەزلومان و ستەملێکراوانی جیهان، دەوری ئەرێنی دەبینێ.
سەرۆکی دەزگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئێران، وتی: سەرکەوتنەکانی ئێران تیرێک بوو لەچاوی دوژمنان کەوت و کە ئەمریکاو رژیمی زایۆنی بەدڵیان نەبوو ، بۆیە دوژمنانی ئێران هەردەم لەهەوڵی قۆستنەوەی هەلەکەو تۆڵە سەندنەوە لە گەلی ئێرانن.
سەرۆک کۆماری ئێران، بەئاماژە بەوەی کە لەبواری ئابووریدا، هەندێ گیروگرفت هەیە، و نکۆڵیان لێ ناکرێ، وتی: گەلی ئێران، خۆڕاگرانە، بەسەر ئەو گیروگرفتانەدا تێدەپەڕێ و بەشیاویش وەڵامی کەسانی هەلخواز و ئاژاوەچی دەدەنەوە کە سووکێتیان کرد بە پیرۆزایەتییەکان و بەهاکانی شۆڕش و زیانیان گەیاند بە سامانە گشتییەکان.