کانونی دوھەم 13, 2018 08:08 Asia/Tehran
  • زەریف:

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بە زێدەخوازییەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەهەمبەر بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) پێی داگرت: سەبارەت بە بەرجام سەرلەنوێ دانوستان ناکرێ و ئەمریکا دەبێ بەڵێنییەکانی جێ بەجێ بکات.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، محەممەد جەوادی زەریف دوێشەو(هەینی) لە توئیتێکدا نووسی: سیاسەتی ترەمپ و بەیاننامەی شەوی هەینیی ناوبراو(بەکاتی تاران) هەوڵدانێکی دوژمنکارانەیە بۆ خەوشدارکردنی ڕێککەوتننامەیەکی پتەوی چەند لایەنە کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیشەوە پشت ڕاست کراوەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها پێی داگرت: دانوستانی دووبارە لەسەر بەرجام نامومکینە، بۆیە ئەمریکا لەجیاتی دووپات کردنەوەی قسەو باسی کۆن و پڕووپووچی، دەبێ وەک ئێران بەگوێرەی بڕگەکانی بەرجام بەڵێنییەکانی جێ بەجێ بکات.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوێشەو(هەینی) بەکاتی تاران پاش نوێکردنەوەی ماوەی هەڵپەسێردرانی بایکۆتە ناڤۆکییەکان دژ بە ئێران، هاوکات لەگەڵ بایکۆت کردنی ١٤ کەسایەتی و دەزگەی نوێ، چوار مەرجیشی بۆ ئیمزای هەریاسایەک کە کۆنگرە لەپەیوەندیی لەگەڵ بەرجامدا بیخاتەڕوو، دیاری کرد.

ترەمپ کە پێشتر دووجار هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی ئەمریکا لەدژ ئێرانی مۆرکردبوو، جارێکی دیکە بەراگەیاندنی ناڕەزایەتی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام)، ماوەی هەڵپەساردنی ئەو گەمارۆیانەی نوێ کردەوە.

کۆشکی سپی دوێشەو بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە ترەمپ بۆ دواجارە کە هەڵپەساردنی بایکۆتەکان و پشت ڕاست کردنەوەی بەرجام مۆر دەکا، ئیدیعای کرد: بێتوو چاکسازیی پێویست و جێی سەرنجی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە پەرەی چاودێرییەکان و پەیوەست کرانی پرسەکانی هاوپێوەند بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران بە بەرجام لەبەرچاو نەگیردرێ، ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە دەکشێتەوە.

نوێکرانەوەی دووبارەی هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکان دژ بەئێران لەکاتێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە دەقی بەرجامدا وەک تەنیا ناوەندی شیاو بۆ چاودێری بەسەر کردەوەی ئێران ناسراوە، تائێستا نۆ جار پێبەندبوونی تاران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی پشت ڕاست کردۆتەوە.

بەپێی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی ناڤۆکیی کە لەساڵی٢٠١٥ لەنێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆیەک بریتی لە؛ ئەمریکا، ڕووسیا، چین، ئینگلیز، فەڕانسەو ئاڵمان، مۆرکرا، ئێران بەشێک لە چالاکییە ناڤۆکییەکانی بەرتەسک کردەوەو لەهەمبەردا، ئەمریکا بەڵێنی دا، بایکۆتە ناڤۆکییەکانی دژ بەئێران، هەڵوەشێنێ.

سەرپەیڤ