لاریجانی : بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم دەبێ ببێتە سەرچەشنی کردەوەی وڵاتانی موسوڵمان
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە وڵاتانی موسوڵمان بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم دەبێ بکەنەسەرچەشنی هەوڵەکانیان وتی : سەربازیگەری هۆی پەرەسەندنی ڕەوتی تیرۆریستییە و دەبێ لەبەرامبەری دا بوەستین.
عەلی لاریجانی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆتایی سێزدەهەمین کۆنفرانسی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە تاران وتی : کردەوەی ئەمریکییەکان لە سوریا نیشان دەدات ئەوان نایانەوێ تیرۆریزم لە ناوچە کۆتایی پێ بێت .
لاریجانی وێڕای پێداگری لەسەر ئەمەی کە پێبەندبوونی جیهانی ئیسلام لەچاو ڕابردوو قووڵتر بووە وتیشی : لە سێزدەهەمین کۆنفرانسی پەرلەمانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی هەموو شایەتی ئەوە بوون کە هیچ ناکۆکییەک لەنێوان وڵاتانی ئەندام دا نییە و هەموو پێکەوە هاوبیروڕان.
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە پەرلەمانەکان دەنگی گەلانن ، وتیشی : کاری وڵاتانی ئیسلامی لە ئەمڕۆوە دەست پێکراوە و دەبێ بەرەولایەک بڕوات کە هەوڵی بەکردەوە بۆ بەرەڤانی کردن لە خۆمان بدرێت .
لاریجانی بە ئاماژەدان بە هەڵوێستی بێ ئەدەبانە و توندی ئەمریکا بەرامبەر خەڵکی وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان پێداگری کرد : قسەکانی دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا شەڕێکی نوێ نیشان دەدات و ئەمەش زەرەروزیانێکی زۆری بۆ وڵاتانی جۆربەجۆر بە دواوە دەبێت .
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگری لەسەر ئەمەی هاوکاری ئابووری لەنێوان وڵاتانی موسوڵمان دەبێ پەرە بستێنێ وتی : وڵاتانی ئیسلامی بارستایەکی شیاو و پڕ لەسەرچاوەی وزە و هێزی پسپۆڕن .
سێزدەهەمین کۆنفرانسی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە تاران ڕۆژی چوارشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک کۆتایی بە کاری خۆی هێنا .