ئەمڕۆ ڕۆژێکی تاڵە لە مێژووی سنەییەکاندا
31 ساڵ لە ڕۆژی خۆڕاگری و گیانبەختکردنی خەڵکی سنە تێدەپەڕێ بەڵام تاڵ بوونی ئەو ڕۆژە و یاد و بیرەوەریی تاڵی بۆردمانی 28 بەفرانباری ساڵی 65 ی هەتاویی سنە کە لە لایەن ڕژیمی بەعسی ئێراق لە 18 ناوچەی ئەو شارە ڕووی دا هیچکات بۆ خەڵکی ئەو شارە فەراموش ناکرێت .
کاتژمێر نزیک 10 ی سەرلەبەیانی بوو و خەڵک سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون و هیچ نەیاندەزانی کە تا چەن خولەکی دیکە حاڵ و ڕۆژیان چلۆن دەبێت . کەس بۆی نەدەچوو کە لە ماوەی تەنیا شەش خولەک دا ؛ 18 شۆێنی شاری سنە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژیمی بەعسی سەدام بۆردمان دەکرێ و ژن و پیاوان و منداڵانی بێ تاوانی سنە لە خاک و خۆێن دا دەگەوزێن و ناجوامێرانە شەهید دەکرێن . شۆقەکانی مەیدانی شارەوانی سنە، گەڕەکەکانی ئیکباتان،چوارباغ، شەقامی ئینقلاب، مەیدانی لەشکەر ، پیرمحەمەد ؛ چەن گەڕگی دیکە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرە بۆمب هاوێژەکانی ڕژیمی بەعسی ئێراقەوە کەوتنە بەر پەلاماری ناجوامێرانە و لە ماوەی شەش خولەک دا شاری سنە لە خاک و خۆێن دا گەوزێندرا .