کانونی دوھەم 21, 2018 11:22 Asia/Tehran
  • نێچیرڤان بارزانی گەیشتە تاران

نێچیرڤان بارزانی لە سەفەری ئەمڕۆ یەکشەممەی خۆی بۆ تاران، لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی مەجلیس و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دیدار و وتووێژی دەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی  رادیۆ و تەلەڤزیۆنی کوردیی سەحەر؛ ماڵپەڕی کەنالی هەواڵیی کوردزمانی ڕووداو ڕاپۆرتی دا؛ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرووی شاندێکەوە بە مەبەستی دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی مەجلیس و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەردانی تارانی کردووە.

لە بەیاننامەکەی کۆنسولخانەی ئێران لە هەولێردا هاتووە؛ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق، لە درێژەی هەوڵی دیپلۆماسیانەی و وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی دیکە سەبارەت بە پرسی سیاسی، ئابووری ، ئەمنی و کەلتووریی سەردانی تاران دەکات.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ قوباد تاڵەبانی جێگری بارزانی لەم سەفەرەدا هاوڕێیەتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئێراق دەکات.

کۆنسولخانەی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند؛ سەفەری ئەم شاندە بۆ تاران کە تا ڕۆژی دووشەممە درێژەی دەبێ یەکجار گرینگە. ئەم سەفەرە یەکەم سەفەری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق بۆ تارانە پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەم ناوچەیە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی ئێراق لەسەر نایاسایی بوونی ئەو ڕیفراندۆمە.

شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەم سەفەرە دوو ڕۆژەیەدا لەگەڵ "حەسەن ڕۆحانی"، سەرۆک کۆماری ئێران، "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیس،  و کاربەدەستانی دیکەی ئێرانی لەوان "عەلی شەمخانی" بەڕێوەبەری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبوونەوەی دەبێ.